وەزارەتی دارایی دەڵێت، بۆ مووچەی مانگی شەش زیاتر لە 465 هەزار مووچەخۆر لە ڕێگەی کارتی بانکی و پڕۆژەی “هەژماری من”ەوە مووچە وەردەگرن و ئێستا مووچەکانیان خراوەتە سەر هەژمارەکەیانەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 1ی ئەیلولی 2025 وەزارەتی داریی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند؛ “ زیاتر لە 465،000 مووچەخۆری حکومی، مووچەی مانگی شەش بەشێوەیەکی دیجیتاڵی لە ڕێگەی هەژماری من وەردەگرن.”
لە ڕاگەیاندراوێکی دیکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان هەر ئەمڕۆ، دوپات لەوە دەکاتەوە کە ئێستا مووچەی 465 هەزار مووچەخۆرەکە خراوەتە سەر هەژماری بانکییان و دەتوانن مووچەکانیان وەربگرن.
وەزارەتی داریی و ئابووری باس لەوە دەکات، ئەو ژمارە فەرمانبەرانەی بۆ ئەم مانگە مووچە لە ڕێگەی “هەژماری من” وەردەگرن بەم جۆرە بەسەر پارێزگاکاندا دابەش بوون: [هەولێر 262,050کەس] ، [سلێمانی 71,120کەس] و [دهۆک 132,500کەس] کە کۆی گشتی ئەو فەرمانبەرانە 465 هەزار و 670 کەسە.
لەلایەکی دیکەوە دارایی و ئابووری هەرێم ئەوەش ڕادەگەیەنێت؛ تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 900,000 سوودمەند لە فەرمانبەرانی حکومی خۆیان تۆمارکردووە بۆ دروستکردنی هەژماری بانکی لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری من.” لەگەڵ جێگیرکردنی زیاتر لە 450 ئامێری ڕاکێشانی پارە لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان و ڕۆژانە 24 کاتژمێر هاووڵاتییان دەتوانن پارەکانیان وەربگرن.
وەزارەتی داریی و ئابووری جەخت لەوەش دەکاتەوە؛ پڕۆژەی هەژماری من ئامانجیەتی زیاتر لە یەک ملیۆن مووچەخۆر تۆمار بکات و مووچەکانیان پێبدات.
ڕۆژی دووشەممە 2025-09-01 وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕایگەیاند؛ یەک تریلیۆن و حەوت ملیار و 352 ملیۆن دینار وەک تەموویلی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و دەتوانن لە ڕۆژانی سێشەممە، چوارشەممە و پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە مووچەکانیان وەربگرن.