ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی بی بی سی بانگەشەی ڕاگرتن و نوێنەکردنەوەی هاوکارییە دارایی و سەربازییەکان دەکات، لە بەرانبەردا سەرچاوەیەکی وەزارەتی پێشمەرگە ئەم هەواڵە ڕەت دەکاتەوە.
ئەمڕۆ شەممە 29ی ئابی 2026 ماڵپەڕی بی بی سی لە زاری چوار سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییانەدا بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاندووە، ئیدارەی ترەمپ نایەوێت ئەو ڕێککەوتننامە ئەمنییە نوێ بکاتەوە و چیتر هاوکارییە دارایی و سەربازییەکان بۆ پێشمەرگە دابین ناکات.
هاوکات سەرچاوەیەکی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرای دەکات، تا ئێستا ئەمریکا یان هێزەکانی هاوپەیمانان هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی فەرمییان سەبارەت بە کۆتاییهاتنی هاوکارییەکانیان نەداوە، هەروەها دوو قۆناغی دیکەی یارمەتیی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگەکانی هەشت و نۆ ماوە و چاوەڕوان دەکرێت بگاتە وەزارەتی پێشمەرگە.
بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی بی بی سی، پێشمەرگە لە ساڵی دارایی 2026دا، بڕی 61 ملیۆن دۆلاری بۆ کڕینی چەک، مەشق و ڕاهێنان و مووچە لە پێنتاگۆنەوە وەرگرتووە، بەڵام بۆ ساڵی دارایی 2027 سەرجەم یارمەتییەکان ڕادەگیرێن.
لەگەڵ بڕینی ئەم یارمەتییانەدا، بڕیارە لە کۆتایی مانگی داهاتوودا دوایین بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێردا دابخرێت، ئەمەش دوای کشانەوەی تەواوی هێزەکانی هاوپەیمانان دێت لە عێراق، کە وابڕیارە پرۆسەی دەرچوونی تەواوی هێزەکانی ئەمریکا لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمەوە دەست پێ بکات.
یاداشتی لێکتێگەیشتنی سەربازی لە نێوان پێنتاگۆن و وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2016دا واژۆ کرا و لە ساڵی 2022دا، بە ئامانجی هاوکاریکردنی پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە ڕێکخراوی داعشدا نوێ کرایەوە.