پیاوێک هەشت ئەندامی خێزانەکەی کوشت

پۆلیسی ویلایەتی مۆنتانای ئەمریکا لێکۆڵینەوە لە ڕووداوێکی کوشتنی بەکۆمەڵ دەکات کە تێیدا پیاوێکی تەمەن 44 ساڵ هەشت ئەندامی خێزانەکەی کوشتووە و پاشان ئاگری لە خانووەکەیان بەرداوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی پۆلیس، بکوژەکە ناوی (ئالان سمیت)ە و تەمەنی 44 ساڵە. ڕووداوەکە ڕۆژی یەکشەممە لە کاتێکدا ڕوویداوە کە ئەندامانی خێزانەکە بۆ نانی ئێوارە کۆببوونەوە. براد ئایلەند، کە هاوژینی پێشووی یەکێک لە قوربانییەکانە، ڕایگەیاندووە کە دایک و باوکی سمیت تەنیا چەند هەفتەیەک پێش ڕووداوەکە داوایان لێکردووە ماڵەکەیان جێبهێڵێت، بەڵام ئەو ڕۆژی یەکشەممە گەڕاوەتەوە و دەستڕێژی گولەی لێ کردوون.

لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە قوربانییەکان لەنێوان چوار نەوەی جیاواز دان، کە تەمەنیان لەنێوان 7 بۆ 90 ساڵیدایە. پۆلیسی ناوچەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کاتێک گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە، دەنگی تەقە لە حەوشەی پشتەوەی ماڵەکە بیستراوە و دواتر خانووەکە بە تەواوی سووتاوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، پۆلیس پشتڕاستی کردەوە کە هەشت کەس بوونەتە قوربانی و گومانلێکراوەکەش دوای ئەنجامدانی تاوانەکە، فیشەکێکی بە خۆیەوە ناوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

 لەنێو کوژراوەکاندا، مێگان گێکیر و دوو منداڵەکەی بە ناوەکانی ئۆوین ئایلەند تەمەن 13 ساڵ و کلۆی ئایلەند تەمەن 7 ساڵ هەن، هەروەها دوو منداڵی دیکەی هاوژینی ئێستای مێگان کە تەمەنیان 15 و 12 ساڵ بووە، گیانیان لەدەستداوە.

سەبارەت بە ناسنامەی بکوژەکە، کەسوکارەکەی دەڵێن ئالان سمیت کەسێکی گۆشەگیر بووە و زۆربەی کاتەکانی لە ژوورەکەی خۆی بەسەر بردووە.