زانایەکی هۆڵەندی هۆشداری لە ڕوودانی بوومەلەرزەیەکی وێرانکەر دەدات

فرانك هۆگربیتس، زانای ناوداری هۆڵەندی، هۆشدارییەکی نوێی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەگەری هەیە لە داهاتوودا بوومەلەرزەیەکی وێرانکەر ناوچەی فرانتشای لە ڕۆمانیا بهەژێنێت.

هۆگربیتس لە پۆستێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، ئاماژەی بەوە کردووە، ڕۆمانیا بە هێواشی بەڵام بە شێوەیەکی جێگیر بەرەو بوومەلەرزەی داهاتوو هەنگاو دەنێت.

 بەگوێرەی خەمڵاندنەکانی ئەم زانایە، پێشبینی دەکرێت گوڕی بوومەلەرزە چاوەڕوانکراوەکە لە نێوان 7 بۆ 7.9 پلە بێت بەپێی پێوەری ڕێختەر.

هۆگربیتس جەختی کردەوە، بەهێزترین بوومەلەرزەی ناسراو کە تا ئێستا ناوچەی “فرانتشا”ی هەژاندبێت، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1802 گوڕەکەی بە 7.9 پلە خەمڵێنراوە.

جێی ئاماژەیە، هۆگربیتس بەهۆی پێشبینییەکانی بۆ چالاکییە بوومەلەرزەییەکان کە زۆرجار دەیانبەستێتەوە بە جوڵەی هەسارەکان و ئەستێرەکان، هەمیشە دەبێتە جێی باسی میدیاکان، هەرچەندە ناوەندە زانستییە جیهانییەکان تا ئێستا گومانیان لە وردی ئەو شێوازە هەیە بۆ دیاریکردنی کاتی وردی ڕوودانی بوومەلەرزە.