سەردەمی نوێی وزە لە عێراق و هەرێمی کوردستان: دەرفەتی سەقامگیری یان ململانێی نوێ؟

کامیار دێرانەیی

لەم دواییانەدا، کەشێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراقدا هاتووەتە ئاراوە، کە بە ڕوونی لە کەرتی نەوت و وزەدا بە دیار دەکەوێت. زنجیرە سەردان و کۆبوونەوەی بەرپرسانی باڵای ئەمنی و تەکنیکیی بەغدا بۆ هەولێر، ئاماژەن بۆ دەرفەتێکی نوێ کە دەکرێت ببێتە هۆی چارەسەری کێشە درێژخایەنەکان، یان بە پێچەوانەوە، ببێتە سەرچاوەی ئاڵۆزیی نوێ.

دیارترین پێشهاتی ئەم پەیوەندیانە، گەیشتنی شاندێکی سەربازیی بەغدا بوو بۆ هەرێم بە مەبەستی جێگیرکردنی سیستمی دژەدرۆن و بەرگریی ئامانجی لە کێڵگە نەوتییەکان؛ ئەمەش دوای ئەو هێرشانەی لە کاتی جەنگی نێوان ئێران لەگەڵ ئەمریکا-ئیسرایل کرانە سەر کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان و زیانی ماددی و دەروونییان بە کۆمپانیا بیانییەکان گەیاند، بەڵام خاڵە گرنگەکە لەو ڕێککەوتنەدا ئەوەیە کە پاراستنی کێڵگەکان لەئەستۆی هێزەکانی پێشمەرگەدا دەبێت و مەشقیان پێدەکرێت بۆ بەکارهێنانی ئەو سیستمە ئەمنییانە. ئەمە بەبێ بەزاندنی سەروەریی هەرێم، نیگەرانیی کۆمپانیا بیانییەکان دەڕەوێنێتەوە. وەزیری ناوخۆی هەرێم ڕایگەیاند کە هەرچەندە هەرێم پێشتر گەرەنتی ئەمنی دابوو، بەڵام کۆمپانیاکان پێویستیان بە گەرەنتی بەغداش هەبوو، چونکە شایستە داراییەکانیان لە بودجەی فیدراڵییەوە دابین دەکرێت. ئەم هەنگاوە نیشانەی دیپلۆماسییەتی سەرکەوتووی هەولێرە لە پاراستنی هێزەکانی خۆی و پابەندبوونی بە یاساکانەوە. پرسێکی دیکەی چارەنووسساز کە متمانەی زیاتری دروست کردووە، هەوڵەکانە بۆ چەکدانانی گروپە چەکدارەکان و ڕێکخستنەوەیان لە چوارچێوەی هێزە فەرمییەکانی دەوڵەتدا. سنووردارکردن و کۆنترۆڵکردنی هەژموونی ئەم گروپانە، مەترسییەکانی سەر کەرتی وزە و وەبەرهێنانی بە شێوەیەکی بەرچاو ڕەواندەوە. لە ئێستادا، کاتێک کۆمپانیا بیانییەکان ئەم هەماهەنگییە ئەمنییەی نێوان هەولێر و بەغدا دەبینن، لەپاڵ کۆتایهێنان بە هێزەکانی دەرەوەی یاسا، گەرەنتییەکی بەهێزیان بۆ دروست بووە تا بەوپەڕی دڵنیاییەوە و بێ هیچ ترسێک بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.

وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاندووە کە ئاستی ئێستای بەرهەمهێنانی هەرێم تەنها ٢٠ بۆ ٣٠ هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا و دەیانەوێت لە ڕێگەی بۆریی کوردستان-جەیهانەوە زیادی بکەن، بەتایبەت دوای تەواوبوونی پڕۆژەی بۆریی بەسرە-حەدیسە. ئێستا هەرێم بەهۆی فشارە ئابووری و نێودەوڵەتییەکانەوە، لە چوارچێوەی فیدراڵ و لە ڕێگەی کۆمپانیای (سۆمۆ)وە نەوت هەناردە دەکات. ئەم یەکخستنە دەتوانێت پرسی نەوت لە کارتێکی فشاری سیاسییەوە بگۆڕێت بۆ فاکتەرێکی سەقامگیری، بە مەرجێک هەردوولا پابەندی ڕێککەوتنەکان بن. هاوکات، بەغدا لەبری نۆژەنکردنەوەی بۆری کەرکووک-بانیاس، بڕیاری داوە بۆرییەکی نوێ دروست بکات، ئەمەش دەرفەتێکە بۆ هەولێر تا لە ڕێگەی گفتوگۆوە جەخت لە گرنگیی پڕۆژە هاوبەشەکان بکاتەوە.

هەروەها دەستپێکردنی لێدانی بیری نوێ لە کێڵگەی حەمرین (نزیک شارۆچکەی ئامرلی لە سەڵاحەدین) کە دەکەوێتە ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ و لەلایەن کۆمپانیای نەوتی باکوورەوە بەڕێوەدەبرێت، پرسێکی هەستیارە. هەرچەندە بەغدا وەک مافی خۆی سەیری دەکات، بەڵام نیشانەی جێبەجێ نەکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوورە. پێویستە هەرێم بە وردی ئەم بابەتە بباتە سەر مێزی دانوستان، چونکە پەرەپێدانی ئەم کێڵگانە لەلایەن بەغداوە، لە داهاتوودا دەکرێت وەک کارتی فشار دژ بە هەرێم بەکاربهێنرێت.

کۆمپانیاکانی وەک (HKN) و (Gulf Keystone) ئامادەکاری دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردە. لە ئێستادا بەرهەمهێنانی کێڵگەکانی خورمەڵە، گەرمیان، هەولێر و تەقتەق ٧٥ هەزار بەرمیلە، بەڵام بەڵێن دراوە لە سێ هەفتەی داهاتوودا بگاتە ٢٢٠ بۆ ٢٥٠ هەزار بەرمیل و لە قۆناغی دواتریشدا بۆ ٤٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. ئەم زیادبوونە کێشەی دارایی و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەر دەکات کە بەپێی یاسای بودجە بەستراوەتەوە بە هەناردەی نەوتەوە، بەتایبەت لەم کاتەدا کە عێراق بەدەست دابەزینی نرخی نەوت و ئاڵۆزییەکانی تەنگەی هورمزەوە دەناڵێنێت.

پێشهاتەکانی ئەم دواییەی بواری وزە، تەنیا بابەتێکی ئابووری نین، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی سیاسیی گرنگن بۆ داهاتووی عێراق. لە ڕابردوودا، پرسی نەوت و بودجە زۆرجار ببوونە هۆی دروستبوونی گرژی و لێکدوورکەوتنەوە لە نێوان هەولێر و بەغدا، کە لە کۆتاییدا زیانی بە هاووڵاتییان و سەقامگیریی وڵاتەکە گەیاند. لە ئێستادا، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نەرمی و بە نیازپاکیەوە دەرگای بۆ ڕێککەوتن کردووەتەوە و ئامادەیی پیشانداوە کەرتی نەوت بخاتە خزمەتی سەقامگیریی ئابووریی هەموو عێراقەوە. ئەمەش دەرفەتێکی زێڕین دەداتە حکومەتی فیدراڵی تا بیسەلمێنێت کە دەیەوێت پەڕەیەکی نوێ هەڵبداتەوە و جێبەجێکردنی دەستوور بکاتە بنەمای کارەکانی. سەرکەوتنی ئەم قۆناغە نوێیە پێویستی بەوەیە کە عێراق واز لە بیرۆکەی “مەرکەزییەت و کۆنترۆڵکردن” بهێنێت و لەبری ئەوە، وەک هاوبەشێکی ڕاستەقینە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات و هەرێمی کوردستانیش دەرگای لێک تێگەشتن و رێککەوتن بۆ بەغداد بکاتەوە. چونکە بەبێ ڕەچاوکردنی ئەم مافانە و بەبێ بوونی متمانەی هاوبەش، زۆر قورسە عێراق بگاتە ئەو سەقامگیرییە سیاسی و ئابوورییەی کە هەمووان چاوەڕێی دەکەن.