بەرپرسانی تیمی فریاگوزاری پاکستان ڕایانگەیاند، بەهۆی داڕووخانی بنمیچی سەنتەرێکی فێرکاری لە شاری لاهور لە ڕۆژهەڵاتی پاکستان، 14 منداڵ گیانیان لەدەستدا.
ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی تەمموزی 2026 دەزگای فریاگوزاری لە هەرێمی “پەنجاب” ڕایگەیاند: “تەمەنی ئەو منداڵانەی گیانیان لەدەستداوە لە نێوان 5 بۆ 16 ساڵاندایە، کە زۆربەیان تەمەنیان لە خوار 9 ساڵییەوە بووە.”
لای خۆیەوە ئەزما بوخاری، وەزیری ڕاگەیاندنی هەرێمی پەنجاب ڕایگەیاند: ” بەپێی ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان، سەنتەرەکە مۆڵەتی فەرمی نەبووە و لەناو باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی تایبەتدا بووە کە بنمیچەکەی کۆن و داڕووخاو بووە.”
ئەزما بوخاری، گوتیشی: “ئەگەر سەلمێنرا کەمتەرخەمی، غەفڵەت یان هەر پێشێلکارییەکی یاسایی بوونی هەبووە، ئەوا بەرپرسانی ئەم کارە ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی توند دەبنەوە.”
لەلایەکی دیکەوە، ئاسف عەلی زەرداری، سەرۆکی پاکستان، خەمباریی خۆی بۆ گیانلەدەستدانی ئەو منداڵانە دەربڕی و داوای کرد ڕێکاری ئەمنی بگیرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە کارەساتە دڵتەزێنانە.