لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری بۆ سەر خاڵێکی پشکنینی پۆلیس لە ناوچەی هەنگۆ لە ویلایەتی خەیبەر پەختونخوا لە باکووری پاکستان، 7 کارمەندی پۆلیس و 8 چەکدار کوژران.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی تەممووزی 2026 تاریق حەبیب، بەرپرسی پۆلیسی ناوچەکە ڕایگەیاند: “لەو هێرشەدا 22 پۆلیسی دیکەش بریندار بوون و هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردن لە ناوچەکەدا کردووە بۆ دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی هێرشەکە.”
تاوەکو ئێستا هیچ گرووپێک بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕانەگەیاندووە، بەڵام پەنجەی تۆمەت بۆ بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستان (TTP) درێژ دەکرێت، کە لەم مانگانەی دواییدا هێرشەکانی بۆ سەر هێزە ئەمنییەکان لەو ناوچانە زیاد کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، سوپای پاکستان ڕایگەیاند: لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، لە زنجیرە ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگریدا لە ناوچەکانی باکووری رۆژئاوا و باشووری ڕۆژئاوای وڵات، 32 چەکداری توندڕەویان کوشتووە.
هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشانە، بارودۆخی ناوچەی کشمیری ژێر دەسەڵاتی پاکستان ئاڵۆزییەکی زۆری بەخۆوە بینیوە. بەهۆی توندوتیژییەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنە هەرێمییەکان، پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و لایەنگرانی گرووپە ناڕازییەکان دروستبووە.