سالم جاسم
پارتی و یەکێتی خاوەنی مێژوویەکی دوورودرێژی هاوبەشن، مێژوویەک پڕ لە دۆستایەتی و دژایەتی، هاوخەباتی و سەنگەر لەیەکگرتن. ئەزموونی ئەم مێژووە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگری سەلماندووە: هەرکاتێک ئەو دوو حیزبە تەبا بووبن، خۆیان و کوردستان گەشەیان کردووە و هەرکاتێکیش ناتەبا بووبن، یەکەم قوربانی خۆیان و ئینجا گەلی کوردستان بووە. ئێستاش، کاتێک دەگەڕێنەوە سەر مێژوو، هەردوولا لە لوتکەی دەسەڵاتدا شانازی بە قۆناغەکانی تەبایی دەکەن و بێزیان لە ڕۆژانی ناتەبایی خۆیان دەبێتەوە.
بەپێی واقیعی ئێستا، چارەنووسی گەلی کورد و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، بەرپرسیاریێتییەکی مێژووییە و ڕاستەوخۆ کەوتووەتە سەر شانی ئەم دوو حیزبە. بەتایبەت دوای ئەوەی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستان فۆرمی ڕاستەقینەی خۆی لەدەستدا و شکستی هێنا، چونکە ئەوەی ئێستا لە کایەکەدا دەبینرێت، تەنیا یارییکردنە بە سۆزی جەماوەر لەژێر ناوی ناڕەزایەتیدا، ئەگینا ئەوانیش لە جەوهەردا هەمان خواستی حوکمڕانیی پارتی و یەکێتییان هەیە.
جاران پەیوەندیی نێوان پارتی و یەکێتی، لەوپەڕی دۆخی خراپیشدا بوایە، هەردوولا پابەندی هەندێک هێڵی پارێزراو دەبوون، لە بەها نیشتمانی و حیزبییەکانەوە بگرە تا حورمەتی کەسی و خانەوادەیی. ئەمەش وایکردبوو کە لەکاتی قووڵترین ناکۆکییەکانیشدا، پرەنسیپەکان بپارێزن و گەورەترین کێشەکانیان بە دانیشتن و لێکتێگەیشتنێکی کورت (فیسکە فیسکێک) کۆتایی پێ بهێنن. بەڵام ئەمڕۆ، خودی ئەو بەهایانە کراونەتە ئامانجی ململانێیەکان و دەست لە چەپ و ڕاستی یەکدی ناپارێزن.
ئەگەر بە وردی سەرنجی هاوکێشە و دەرئەنجامەکانی ئێستای ململانێی ئەو دوو حیزبە بدەین، دەبینین وێڕای ئەوەی قەوارەی هەرێم زیانی بەرکەوتووە، پێگە دیپلۆماسییەکەی پاشەکشەی کردووە و خەڵکیش بە تەواوی لەم چەقبەستووییە بێزارە، بەڵام پێش هەمووان، ڕێک پارتی و یەکێتی خۆیان زەرەرمەندی یەکەمی ئەم دۆخەن. ئەم لێکدوورکەوتنەوەیەی ئەوان، ڕێگای خۆشکرد بۆ هاتنەپێشەوەی ئەکتەری دیکە بۆ ناو کایەکەوە و پرۆسە سیاسییەکەی لەسەر هەردوو حیزب ئاڵۆزتر کرد، بە جۆرێک ئەوەی پێشتر پێکەوە بەدەستیان دەهێنا، ئێستا بەبێ یەکتر، ناچارن پشکی لێ بدەنە خەڵکی دیکە بۆ پاراستنی ئەوەی بۆیان ماوەتەوە.
ڕۆژگارێک، ژمارەی هاوسەنگیی هێز لە نێوانیاندا (50 بە 50) بوو، بەڵام ئەمڕۆ لە کایەی سیاسی و پەرلەمانیدا قسە لەسەر (39) دەکرێت. ئەم پاشەکشە ژمارەییە، زەنگێکی مەترسیدارە و پێویستی بە خۆداچوونەوەی جیدیی هەردوو لا هەیە. هەردوو حیزبەکە دەبێت درک بەوە بکەن کە پشکی شێری زیانەکان بەر خۆیان کەوتووە. ئەگەرچی هاتنە پێشەوەی هێزی نوێ لە کایەی سیاسیدا پێوەرێکی دیموکراسی و پێویستییەکە بۆ پرۆسەکە، بەڵام ئەگەر ئەوان چاویان لە ڕکابەریی بێت، دەبێت هەست بە مەترسیی لەدەستدانی ئەو قورسایی و ژمارەیەی جاران بکەن.
لێرەوە بە بیری هەردوو حیزبی دەهێنینەوە: مێژووی خەبات و قوربانیدانی ڕۆڵەکانی ئەو دوو حیزبە بوو کە قەوارەی هەرێمی کوردستانی لێ سەوز بوو، ئەمڕۆش لە سایەی ئەم قەوارەیەدایە کە ئەوان وەک حیزبی حاکم و خەڵکیش وەک هاووڵاتی بوونیان هەیە. درێژەدان بەم ململانێ کۆنکرێتییە، هیچ گرەنتییەک بۆ مانەوە و بەهێزیی پێگەی هەرێم ناهێڵێتەوە، بە نەمانی قەوارەکەش، دیسانەوە بەر لە هەمووان، خودی خۆیان دەبنە قوربانیی یەکەم، چونکە بە نقوومبوونی کەشتی، بەر لە هەمووان کاپتنەکە دەخنکێت!
بۆیە زۆر گرنگە، ئەگەر هیچ فاکتەرێکی نیشتمانی ناچاری گەڕانەوە بۆ سازانیان نەکات، با بەرژەوەندیی حیزبی و ڕێکخراوەیی، وە ڕێزگرتن لە خەبات و قوربانیدانی خەڵکی خۆیان ناچاریان بکات؛ چونکە ئەوەی بۆ خەڵک و داهاتووی ئەم نیشتمانە گرنگە، تەنیا ڕێککەوتنی ستراتیژیی ئەم دوو حیزبە و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە بە بەهێزی.