ترەمپ بە کوردی جەژنی نەورۆز لە نێچیرڤان بارزانی پیرۆز دەکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە نامەیەک پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات و بە کوردی نووسیویەتی: ‘نەورۆز پیرۆز’.

ئەمڕۆ شەممە 28ی ئاداری 2026 سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نامەیەکی پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەته‌ یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە پێگەیشت.”

بەگوێرەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە نامەکەی دۆناڵد ترەمپدا هاتووە، “نەورۆز، ئاهەنگگێڕانە بە هاتنی بەهار، هەروەها بەرجەستەکردنی سەرکەوتنی هەمیشەییی ڕووناکییە بەسەر تاریکیدا. ئەم جەژنە دێرینە، گوزارشتێکی ساڵانەی هێزی سەرەتا نوێیەکانە”.

 ترەمپ هەروەها دەڵێت: “داوا لە خوا دەکەم ئەم نەورۆزە ببێتە مایەی بەهێزکردنی بەهاکانی ئاشتی و شکۆی مرۆڤ و ساڵی نوێ پڕ لە خێر و خۆشی بێت.”

لە بڵاوکراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەوەش هاتووە، “سەرۆک ترەمپ پیرۆزبایی لە هەموو ئەوانەش دەکات کە جەژنی نەورۆز دەگێڕن، لە کۆتاییی نامەکەیدا بە کوردی نووسیویەتی: نەورۆز پیرۆز.”