ئێستا زیاتر لە مانگ و نیوێک بەسەر هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران تێدەپەڕێت. بازاڕە جیهانییەکانی نەوت و گاز و سووتەمەنی کەوتوونەتە ژێر فشارێکی چڕەوە. عێراق و هەرێمی کوردستان، کە ئابوورییەکەیان بە تەواوی پشت بە فرۆشی نەوت دەبەستێت، زیانی زۆریان بەرکەوتووە؛ بە جۆرێک بەرهەمهێنانی نەوت لە ٣.٢ ملیۆن بەرمیلەوە دابەزیوە بۆ نزیکەی ٤٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. ئەمەش بۆ وڵاتێک کە سەرچاوەی بژێوییەکەی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، داڕمان و زیانێکی گەورەیە.
لە مانگی شوباتدا، پێش هەڵگیرسانی جەنگ، دۆخەکە زۆر جیاواز بوو. کۆی بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراق و هەرێمی کوردستان نزیکەی ٤.٥ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بوو، کە پشکی هەرێمی کوردستان ٣١٤ هەزار بەرمیل بوو و ئاستی هەناردەکردنی ڕۆژانە ٣.٥ ملیۆن بەرمیل بوو، کە ١٩٨ هەزار بەرمیلی لە ڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە هەناردە دەکرا.
دە کێڵگە گەورەکەی عێراق بە تەواوی توانای خۆیانەوە کاریان دەکرد:
کێڵگەی ڕومێلە: (کە لەلایەن BPی بەریتانی، پترۆچاینای چینی و سۆمۆوە بەڕێوەدەبرا) ڕۆژانە ١.٣٥ ملیۆن بەرمیلی بەرهەم دەهێنا.
قورنە-١: ٤٣٠ هەزار بەرمیل.
قورنە-٢: ٣٨٠ هەزار بەرمیل.
کێڵگەکانی کەرکووک: ٣٢٠ هەزار بەرمیل.
کێڵگەکانی زوبێر: ٣٧٠ هەزار بەرمیل.
لە هەرێمی کوردستانیشدا بەم شێوەیە بوو:
کۆمپانیای DNOی نەرویجی: لە کێڵگەکانی (تاوکێ و فیشخابوور) ٧٨ هەزار بەرمیلیان بەرهەم دەهێنا.
کۆمپانیای HKNی ئەمریکی: لە کێڵگەی (سەرسەنگ) ٢٢ هەزار و لە (ئەترووش) ٣٢,٥٠٠ بەرمیل.
گۆڵف کیستۆنی بەریتانی: لە (شێخان) ٤١,٥٠٠ بەرمیل.
کێڵگەی خورمەڵە (کۆمپانیای کار): ٩٠ هەزار بەرمیل. کۆی گشتی بەرهەمهێنانی هەرێم گەیشتبووە ٣١٤,٥٠٠ بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
لەگەڵ دەستپێکی جەنگدا، ئاستی بەرهەمهێنان گۆڕا. کۆی بەرهەمهێنانی عێراق ١.٣ ملیۆن بەرمیل کەمی کرد، کە پشکی هەرێم لەم کەمبوونەوەیە ٨٠ هەزار بەرمیل بوو، بەپێی پێوەرە گشتییەکان.
لە ئێستادا بەرهەمهێنانی هەرێمی کوردستان تەنها ٨٠ هەزار بەرمیلە و زۆربەی کێڵگەکان لەکار وەستاون:
کێڵگەکانی (تاوکێ، فیشخابوور، ئەترووش، سەرسەنگ، شێخان) و کێڵگەی گازی (کۆرمۆر): بەرهەمهێنانیان گەیشتووەتە سفر.
ئەو کێڵگانەی بە بڕێکی کەم بەردەوامن: (سەرقەڵا: ٦،٠٠٠ ، عەین سەفین: ٦،٠٠٠ ، بجیل: ٤،٠٠٠ ، هەولێر: ٤،٠٠٠ ، تەق تەق: ٢،٠٠٠ ، خورمەڵە: ٥٨,٠٠٠ بەرمیل).
لە لایەکی دیکەوە، کێڵگە فیدراڵییەکانیش زیانی گەورەیان بەرکەوتووە؛ کۆمپانیای نەوتی بەسرە لە هەردوو کێڵگەی ڕومێلە و زوبێر تەنها ٦٣٨ هەزار بەرمیل بەرهەم دەهێنێت کە کەمترە لە نیوەی بەرهەمی جارانی کێڵگەی ڕومێلە.
سێ هۆکاری سەرەکی لە پشت ئەم دابەزینە توندەی بەرهەمی عێراقەوەن:
١. داخستنی گەرووی هورمز: ئەمە ڕێڕەوی سەرەکی هەناردەی نەوتی عێراقە بۆ بازاڕەکان. بەپێی ڕاپۆرتێکی (J.P. Morgan)، ٢٠٪ی نەوتی جیهان بەم گەرووەدا تێدەپەڕێت.
٢. نەبوونی کۆگای یەدەگ: عێراق خاوەنی کۆگای گەورە نییە بۆ هەڵگرتنی نەوت لەکاتی تەنگانەدا، بۆیە کاتێک هەناردە دەوەستێت، ناچارن بەرهەمهێنانیش ڕابگرن.
٣. کشانەوەی کۆمپانیا بیانییەکان: لە کۆی ٦٧ کێڵگە، ٤١ کێڵگە بەهۆی کشانەوەی کۆمپانیاکانی وەک (BP، PetroChina، Lukoil، Eni) کارەکانیان تێدا ڕاگیراوە.
لە هەرێمی کوردستانیش، کۆمپانیاکانی وەک (DNO، HKN، Gulf Keystone، Dana Gas) وەک کاردانەوەیەک بۆ دۆخی جەنگ و پاراستنی کارمەندەکانیان کارەکانیان ڕاگرتووە.
ئەم دۆخە عێراق و هەرێمی ڕووبەڕووی قەیرانێکی دارایی سەخت کردووەتەوە. داهاتی مانگانەی نەوت لە ١٠ ملیار دۆلارەوە بۆ کەمتر لە ١ ملیار دۆلار دابەزیوە. هەرێمی کوردستان ٨٠٪ و بەغداد ٧٠٪ی توانای داهاتیان لەدەستداوە.
ڕاپۆرتەکانی ڕۆیتەرز ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەر جەنگ بوەستێت و گەرووی هورمز بکرێتەوە، عێراق دەتوانێت لە ماوەی هەفتەیەکدا ئاستی هەناردە بۆ ٣.٤ ملیۆن بەرمیل بگەڕێنێتەوە، بەڵام چاککردنەوەی ژێرخانە زیانلێکەوتووەکان و گەڕانەوەی متمانەی وەبەرهێنەران ساڵانێکی زۆری دەوێت. عێراق لە ئێستادا خاوەنی ئابوورییەکی بچووکتر، کێڵگەی کەمتر و بژاردەی سنووردارترە. هەموو شتێک بەندە بە “ئاشتی”؛ تا جەنگ نەوەستێت، ڕێگایەک بۆ بوژانەوە شک نابرێت.