شەوی ڕابردوو ئاگر لە ماڵێکی شاری سلێمانی کەوتەوە و بەهۆیەوە پیاوێکی تەمەن 77 ساڵ کە بە تەنها لە ماڵەکەیدا دەژیا گیانی لەدەستدا.
شەوی یەکشەممە 30ی تشرینی دووەمی 2025 لە گەڕەکی عەلی کەمالی شاری سلێمانی ئاگر لە ماڵێک کەوتەوە. ماڵەکە هی پیاوێکی بە تەمەن بووە و بە تەنها تێیدا دەژیا.
داڵ میدیا زانیوویەتی ئەو پیاوەی مردووە، جەستەی نەسووتاوە، بەڵکو بەهۆی زۆری ڕێژی دوکەڵی ئاگرەکە گیانی لەدەستداوە.
جیرانەکانی ئەو پیاوە تەمەن 77 ساڵە دەڵێن؛ درەنگ بە ئاگرەکەمان زانیووە. لە نزیک کاتژمێر 8:30 بۆ 9:00 شەوی ڕابردوو ئاگرەکە کەوتۆتەوە، بەڵام نزیک کاتژمێر 10:00ی شەو پێیان زانیووە و بەرگری شارستانی سلێمانی لێ ئاگادار کراوەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی داڵ میدیا، ئاگرەکە بەهۆی شۆڕتی کارەباوە بووە. ئێستا تەرمەکەی لە پەیمانگای پزیشکی دادی سلێمانییە و تاوەکو ئێستا منداڵەکانی تەرمەکەیان وەرنەگرتۆتەوە.