هەولێر سەوز دەکرێت؛ 7 ملیۆن داری زەیتوون و فستق دەچێندرێت

پارێزگای هەولێر دەڵێت: پرۆژەی ستراتیژی “پشتێنەی سەوزای” دەستپێکرد و کاریگەرییەکی ئەرێنیی بەرچاوی لەسەر ژینگە و کوالێتیی ژیانی دانیشتووان دەبێت.

ئەمرۆ چوارشەمە 17ی ئەیلولی 2025 پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: “ لە هەنگاوێکی ستراتیژیدا، لە پارێزگای هەولێر، پڕۆژەی “پشتێنەی سەوزاییی هەولێر” دەستی پێکردووە و بەشێکە لە ماستەرپلانی شاری هەولێر و بە شێوەیەکی بازنەیی لە دەوروبەری شارەکە جێبەجێ دەکرێت. پرۆژەكە کاریگەرییەکی ئەرێنیی بەرچاوی لەسەر ژینگە و کوالێتیی ژیانی دانیشتووان دەبێت”.

پڕۆژەكە بریتییە لە چاندنی 7 ملیۆن داری زەیتوون و فستەق، ئەم پڕۆژەیە بەشێوەی بازنەی لە دەرەوەی شەقامی 150 مەتریی هەولێر درووست دەکرێت، بە درێژایی 92 کیلۆمەتر و پانتای 2 کیلۆمەتر و بۆ پشتیوانیکردنی ئەم پرۆژەیە، 10 پۆندی گلدانەوەی ئاو لەناو پرۆژەكەدا درووست دەکرێن.

زیادبوونی ڕێژەی سەوزایی لە پارێزگای هەولێر بۆ ڕووبەروبوونەوەی گۆرانی ژینگەیە، کەشوهەوای شارەکە پاکتر دەکاتەوە و مەترسییەکانی گازی ژەهراوی کەم دەکاتەوە، هەروەها مەترسیی بەبیابانبوون و خۆڵبارین کەمتر دەکاتەوە و دەبێتە هۆی دابەزاندنی پلەکانی گەرما لە شاری هەولێر، بەمەش کوالێتیی ژیان بەگشتی باشتر دەبێت.

لەڕووی ئابووریشەوە، چاندنی 7 ملیۆن داری زەیتوون و فستەق، سوودێكی ئابووریی گەورەی دەبێت. ئەم پرۆژەیە سەدان هەلی کار دەڕەخسێنێت و بەرهەمی کشتوکاڵی ناوخۆیی زیاد دەکات، بەمەش پشتیوانی لە ئابووریی ناوچەکە دەکات.