هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەرویج دەستی پێ کرد و 7 کورد بەربژێرن لە نێو 18 پارت بۆ بەدەستهێنانی 169 کورسی پەرلەمان.
رۆژی دووشەممە 11ی ئابی 2025 هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ پەرلەمانی نەرویج دەستی پێ کرد و تاوەکو 5 ئەیلوول بەردەوام دەبێت. ڕۆژی 8ی ئەیلوول، ڕۆژی سەرەکی هەڵبژاردنەکەیە و هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ ئەو کەسانەیە کە بە هۆکارێک ناتوانن لە ڕۆژی سەرەکی دەنگ بدەن.
هەڵبژاردنی ئەم جارەی نەرویج، 18 پارتی سیاسی کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی 169 کورسی پەرلەمانی نەرویج لە 19 پارێزگا و هەر پارتێک دەتوانێت 30 بەربژێری هەبێت لە هەر پارێزگایەک.
7 کورد لە دوو پارتی جیاواز بەربژێرن بۆ پەرلەمانی نەرویج:
چوار کورد لە پارتی سوور بەشدارن بە ناوەکانی؛ نیگار عینایەتی لە پارێزگای ئاکەرشهوس و سەحەر ئایدار لە پارێزگای ئۆسلۆ ، هەروەها نەویسا فەلەحزادە لە پارێزگای هێدەرمارک و ئەوین ساڵح لە پارێزگای تێلەمارک.



سێ کوردی تر لە پارتی سۆسیال چەپ بەربژێرن بە ناوەکانی بەرهەم ئازادی لە پارێزگای ئۆستفۆڵد، مانی حوسەینی و ئەیلوی دەمیرهانیش لە پارێزگای ئۆسلۆ.

بەگوێرەی دوایین ڕاپرسی میدیای نەرویج، پارتی کار 29%ی دەنگەکان، پارتی پێشکەوتن کە پارتێکی ڕاستڕۆی پارێزگارە 21%ی دەنگەکان و پارتی پارێزگاران 16%ی دەنگەکان دەبەنەوە. پارتی چەپی سۆسیال 7% و پارتی سوور 6%ی دەنگەکان دەبەنەوە.
هەڵبژاردنی ڕابردوو، پارتی کار 48 کورسی، پارتی پارێزگاران 36 کورسی و پارتی ناوەند 28 کورسی پەرلەمانیان بردەوە. پارتی چەپی سۆسیالست 13 کورسی و پارتی سور 8 کورسیان بردەوە.