دەزگای روانگە دوو سەنتەری ئۆتیزم لە هەریەک لە شارۆچکەی هەریر لە هەولێر و شارەدێی ڕزگاری لە گەرمیان بنیات دەنێت.
ئەمڕۆ 28ـی تهممووزی 2025، دەزگای روانگە یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی واژۆکرد بە مەبەستی بنیاتنانی دوو سەنتەری ئۆتیزم لە هەریەک لە شارۆچکەی هەریر لە هەولێر و شارەدێی ڕزگاریی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان.
یاداشتنامەکە بە ئامادەبوونی بارزان نەزهەت حالی، جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە و زەکیە سید ساڵح، بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی واژۆ کرا.
بەپێی دەزگاکە: بریارە لە ماوەیەکی دیاریکراو بەردی بناغەی سەنتەرەکان دابنرێت و لە پاش تەواو بوونی بە تەواوی پێداویستیەکانییەوە ڕادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێن.
دەزگاکە دەڵێت: جێگای ئاماژەیە ئەم پرۆژەیە لەلایەن لیوا ڕەوان ادریس بارزانی، فەرماندەی لەشکری تایبەتی هەڵۆ پاڵپشتیی دارایی بۆ دابین کراوە.