دوو ساڵ لەمەوبەر دوو هاووڵاتی فەرەنسی بۆ گەشت سەردانی ئێرانیان کرد، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیریکردن و دوێنێ بە 63 ساڵ زیندانی سزادران.
دوو هاووڵاتیی فەرەنسی بەناوەکانی [جاک پاریس و سێسیل کۆهلەر] لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە گشتی سزای 63 ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکانی ئێران، ئەم دوو گەشتیارە فەرەنسییە بە تۆمەتی سیخوڕی و هاوکاریی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل، لەلایەن دادگای تارانەوە بە زیاتر لە 60 ساڵ زیندانیکردن سزا دراون.
ئەم دوو هاووڵاتییە فەرەنسییە لە ساڵی 2022 وەکو گەشتیار ڕوو لە ئێران دەکەن، دوای ئەوە، ڕاستەوخۆ لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیردەکرێن و لە ڕێکەوتی 2025-10-15 لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری وڵاتەکە بە تۆمەتی سیخوڕی سزادران بە 63 ساڵ زیندانی.
ئەمەش لەکاتێکدایە، حکومەتی فەرەنسا ئەم تۆمەتە بە “ناڕەوا و بێ بنەما” ناوزەند دەکات و چەندین جار ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و ژان نۆئێل بارۆت، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا داوای ئازادکردنی ئەو دوو گەشتیارەیان کردووە.
سێسیل کۆهلەر مامۆستا و ئەندامی سەندیکای کرێکارانی فەرەنسا و هاوسەرەکەی جاک پاریس، مامۆستای خانەنشینکراو و سکرتێری گشتیی بەشی پەروەردەی هەمان سەندیکا، کە وەک گەشتیار گەشتیان بۆ ئێران کردبوو.