لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا 60 منداڵ کوژراون

بە گوێرەی ڕێکخراوێکی سەر بە ئێران، لە 28مین ڕۆژی خۆپیشاندانەکاندا، کۆی گشتی کوژراوان بە نزیکەی گەیشتووەتە 5459 کەس.

ئەمڕۆ یەکشەممە 25ی کانوونی دووەمی 2026, ئاژانسی “هرانا”ی سەر بە ئێران ڕایگەیاند: ژمارەی کوژراوان بەردەوام بەرزدەبنەوە، کە لە نێو ئەو کەسانەی کوژراوان 5149 کەس خۆپیشاندەربوون، 60یان منداڵی خوار تەمەن 18 ساڵن، 208 کەسیان هێزەکانی سەر بە حکومەت بوون و 42 کەسیان هاووڵاتی مەدەنی بوون. هاوکات ژمارەی ئەو کەسانەشی کە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت 17 هەزار و 31 کەسن.

ئاژانسەکە گوتیشی: ژمارەی ئەو کەسانەی کە دەستگیرکراون گەیشتووەتە 40 هەزار و 887 کەس کە بە لانیکەم 325 منداڵ و 54 خوێندکاری زانکۆیان تێدایە. ژمارەی بریندارەکان 7403 کەسە و 205 حاڵەتی زۆرەملێ تۆمارکراون. ژمارەی ئەو کەسانەی لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بانگکراون گەیشتووەتە 11 هەزار و 23 کەس. کۆی گشتی، 641 ڕووداوی پەیوەست بە خۆپیشاندان لە 195 شار لە 31 پارێزگادا تۆمارکراوە.

هاوکات بەپێی ڕاپۆرتە پشتڕاستکراوەکان، دەزگا ئەمنییەکان لە پارێزگایە جیاجیاکانەوە هەوڵ دەدەن چاودێری خۆپیشاندەران بکەن و ئەو کەسانەی کە تۆماری پێشوویان هەیە بناسێنن و دواتر بانگێشتیان بکەن. زیاتر سەرنجیان لەسەر ئەو شارانە بووە کە بەرزترین ئاستی خۆپیشاندانیان بەخۆوە بینیوە.

ئاژانسی هرانا ئاماژە بەوەش دەکات، تا ئێستا زیاتر لە 11 هەزار کەس لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بانگێشتکراون. کە لە هەندێک شاردا مامۆستایان، خوێندکاران، کرێکاران و تەنانەت کەسایەتییەکانی کۆمەڵگەی هونەر و وەرزشیش کراونەتە ئامانج.