فەرماندەیی دەڤەری 1ـی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕاگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: بارەگاکانی فیرقەی 7 لە دوو کاتی جیاوازی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بە مووشەک کرانە ئامانج. بە گوێرەی سەرچاوەکان؛ شەش پێشمەرگە شەهیدبوون و 20 بۆ 25 پێشمەرگەی دیکەش برینداربوون.
ئەمڕۆ سێشەممە 24ی ئاداری 2026 فەرماندەیی دەڤەری 1ـی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “لە کاتژمێر 01:50 خولەک بارەگای فیرقە بە پێنج مووشەک بۆردمان کرا، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە. لە کاتژمێر 02:50 خولەک، جارێکی دیکە لە نزیک بارەگای فیرقە و بە دیاریکراوی لە سنووری گوندی ‘کەلەکین’، هێرشێکی دیکە بە یەک مووشەک ئەنجامدرا.”
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی باڵا ڕایگەیاند: بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە درۆن و مووشەک هێرشکرایە سەر هێزێکی پێشمەرگە لە لۆفەکانی سپیلک لە قەزای خەلیفانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر.
بەگوێرەی سەرچاوەکە شەش پێشمەرگە شەهیدبوون و نزیکە 20 بۆ 25 پێشمەرگەش برینداربوون.
فەرماندەیی دەڤەری 1 ئاماژەی بەوەش کرد، “هێزەکانمان لە ئامادەیی تەواودان و لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی هێرشەکان بەردەوامە.”
لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دژی ئێران، هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە 400 درۆن و مووشەک بۆردمان کراوە، لەو ژمارەیە بەشیکیان دژی هێزەکانی پێشمەرگە بوون.