پەرلەمانتارێکی عێراق زانیاری دەربارەی ساختەکاری و فرۆشتنی کارتی دەنگدان لە شارەکانی عێراق ئاشکرا دەکات و باس لەوە دەکات؛ نرخی هەر کارتێکی دەنگدان کە بۆ ساختەکاری بەکاردەهێنرێت گەیشتووەتە 500 هەزار دینار.
لەگەڵ دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق، یەکێک لە هەواڵە گەرمەکانی سۆشیاڵ میدیا و میدیا عێراقییەکان فرۆشتنی کارتی دەنگدان و دەستگیرکردنی بکەرەکانی ئەم کارەیە.
دەربارەی فرۆشتنی کارتی دەنگدان، ئەحمەد ئەلجبووری پەرلەمانتار و نوێنەری پارێزگای نەینەوا لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند؛ ئێستا گەرمترین کاتی بازاڕی ڕەشی عێراقە و مامەڵە کردن بە کارتی دەنگدان سەرەکیترینە.
ئەو پەرلەمانتارە زانیاری نەبیستراو ئاشکرا دەکات و دەڵێت؛ هەوڵی کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان زیاتر لە شاری موسڵ ڕوو دەدات و نرخی هەر کارتێکی دەنگدان کە بۆ ساختەکاری بەکاردەهێنرێت گەیشتووەتە 500 هەزار دینار.
ئەحمەد جبووری ناوی هیچ کەس و لایەنێک ئاشکرا ناکات، بەڵام دەڵێت، هەندێک لە لایەنەکان بەمەبەستی بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر کارتەکان دەکڕن، بەڵام چەند لایەنێکی دیکەش لەدژی ڕکابەرەکانیان کارەتاکان دەکڕن و بەمشێوەیە ناهێڵن ڕکابەرەکانیان دەنگی زیاتر کۆبکەنەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەر دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند، 46 تۆمەتبارمان دەستگیرکردووە کە کڕین و فرۆشتنیان بە کارتی دەنگدان کردووە.

