حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مووچەی مانگی ئادار مووچەیەکی دیکەش دەدات بەو خانەنشینانەی چەندین مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە. کە پێکهاتوون لە خانەنشینانی پێشمەرگە و کەمئەندامانی سەنگەر.
ڕۆژی چوارشەممە 8ی نیسانی 2026 حاجی مەلا ئەمین، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی پێشمەرگە و کەمئەندامان ڕایگەیاند: “سەرجەم ئەو خانەنشینە سەربازییانەی مووچەی مانگەکانی ڕابردوویان وەرنەگرتووە، لەگەڵ مووچەی مانگی 3 مووچەیەکیدیکەش وەردەگرن. ئەم پڕۆسەیە تا ئەو کاتە بەردەوام دەبێت کە سەرجەم مووچە فەوتاوەکانیان پاکتاو دەکرێت. لیستی ناوی ئەو خانەنشینانەش ڕەوانەی وەزارەتی دارایی کراوە.”
حاجی مەلا ئەمین گوتیشی: “ئەو خانەنشینە سەربازییانەی پێش ساڵی 2024 خانەنشین بوون و پاداشتی کۆتایی خزمەتیان وەرنەگرتووە، مانگانە بڕی 1 ملیار دیناریان لە داهاتی نانەوتی بۆ خەرج دەکرێت. ئەم پاداشتە بە شێوەی مانگانە دابەش دەکرێت تاوەکو سەرجەم ئەو خانەنشینانەی پێش ساڵی 2024 خانەنشین بوون، مافەکانیان وەردەگرن.”
لە لایەکی دیکە، فوئاد حاجی ئەبابەکر، سکرتێری کەمئەندامانی سەنگەر لە سلێمانی ڕایگەیاند: ” وەزارەتی دارایی بەڵێنی داوە مووچەی کەمئەندامانی سەنگەر نافەوتێت و لەگەڵ وەرگرتنی هەر مووچەیەکدا، مووچەیەکی دیکە دابەش دەکەن.”
بەپێی ئامارەکان، 3287 خانەنشینی سەربازیی کەمئەندامی سەنگەر مووچەی مانگی 10ی ساڵی ڕابردوویان وەرنەگرتووە، هەروەها 800 کەمئەندامی دیکەش مووچەی مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو و مانگی 1 و 2ی ئەمساڵیان وەرنەگرتووە.