نێچیرڤان بارزانی: پێشوازی لە ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکەم

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی ‘ئێکس’ بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: “پێشوازی لە ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەم.”

ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی نیسانی 2026 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: “ئەم پێشهاتە ھەنگاوێکی گرنگە بەرەو ھێورکردنەوەی گرژییەکان، پاراستنی خەڵکی سڤیل و گەڕانەوە بۆ دیالۆگی بونیاتنەر.”

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: “”ھیوادارم هەموو لایەنەکان بە نیەتێکی پاکەوە پابەندی ئەم بەڵێنە بن و کار بکەن بۆ ئاشتییەکی بەردەوام کە سەقامگیری، ئاسایش و خۆشگوزەرانی لە تەواوی ناوچەکەدا بچەسپێنێت.”

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی هەموو ئەو لایەنانە کرد کە هەوڵەکانیان خستە گەڕ بۆ ئاسانکاری لە پێناو گەیشتن بەم ئاگربەستە. هەروەک لە پەیامەکەی نووسیوە؛ ” سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی هەموو ئەو لایەنانە دەکەم کە هەوڵەکانیان خستە گەڕ بۆ ئاسانکاری لە پێناو گەیشتن بەم ئاگربەستە.”

ئەم پەیامەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدایە کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ, ئەمریکا و ئێران و ئیسرائیل ڕازیبوون بۆ ماوەی دوو هەفتە هێرشەکانیان بۆ سەر یەکدی ڕابگرن.