کەشناسی هەرێم هۆشداری لە بارینی تەرزە و هەورەبروسکە دەدات

کەشناسی هەرێمی کوردستان کەشی 48 کاتژمێری داهاتووی بڵاوکردەوە و دەڵێت: “بۆ ماوەی دوو ڕۆژ شەپۆڵێکی بارانبارین ناوچەکانمان دەگرێتەوە، لە هەندێک کاتدا تەرزە دەبارێت و هەورەبروسکەی لەگەڵە.”

ئەمڕۆ سێشەممە 7ی نیسانی 2026 بەڕێوەبەرایەتی گشتی و کەشناسی بوومەلەرزانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “ئەمڕۆ کەش بە گشتی باران بارین دەبێت و ناسەقامگیری کەش بەردەوامی دەبێت بە درێژای ئەمڕۆ ,سەرەتا ناوچە شاخاوییەکان و ناوچە سنووریەکان و قەزا و ناحیەکانی ناوچە شاخاوییەکان و ئیدارەی زاخۆ لەگەڵ بەشێک لە سنووری پارێزگای دهۆک لە کاتەکانی پێش نیوەڕۆ باران بارین دەست پێ دەکات.”

کەشناسی هۆشداریش دەدات لە بارینی تەرزە و هەورەبروسکە و ڕایگەیاند: “کاریگەری ئەم ناسەقامگیریە بۆ بەشەکانی ناوەڕاست و باشووری ڕۆژهەڵاتی هەرێم و سنووری پارێزگای هەولێر بە گشتی ئیدارەی ڕاپەڕین سنووری پارێزگای سلێمانی و دەشتی شارەزوور و پاشان بۆ سەر سنووری پارێزگای کەرکووک و ئیدارەی گەرمیان دەبێت. هەندێ کات لە کاتی باران بارین جگە لە هەورەبروسکە ئەگەری تەزرە بارین هەیە زیاتر لەو ناوچانەی بەرزیان لە 900 م زیاترە لە ئاستی ڕووی دەریا.”

سەبارەت بە کەشی سبەی کەشناسی هەرێم دەڵێت: “کەش نیمچە هەور و ناوچە شاخاوییەکان هەوری زیاتر دەبێت .ئەگەری باران بارین لە ناوچە جیا جیاکان بە تایبەتی ناوچە شاخاوییەکان لە هەندێ کاتدا لە دوانیوەڕۆ پێشبینی ئەگەری نمەبارانی کەم بۆ سەنتەری پارێزگاکان دەکرێت. هەروەها پێشبینی باران بە شێوەی بارانی بەهاری و گەواڵە باران دەبێت هەندێ ناوچە کەشەکەی سەقامگیرە و هەندێ ناوچەی تر ئەگەری لێزمە باران دەبێت لەگەڵ بوونی هەورە بروسکە .”

کەشناسی هەرێم لەسەر بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما ئاماژەی بەوەکرد، “ئەمڕۆ پلەکانی گەرما چەند پلەیەک نزم دەبنەوە، بەڵام سبەی دووبارە پلەکانی گەرما ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەن. بەم شێوەیە:

هەولێر : 19 پلەی سیلیزی

پیرمام : 16 پلەی سیلیزی

سۆران : 17 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران : 10 پلەی سیلیزی

سلێمانی : 18 پلەی سیلیزی

چەمچەماڵ : 19 پلەی سیلیزی

دهۆک : 18 پلەی سیلیزی

زاخۆ : 18 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : 19 پلەی سیلیزی

گەرمیان : 19 پلەی سیلیزی