گرووپە چەکدارەکان: تۆڵەی کوژرانی عەلی خامنەیمان لە هەولێر کردەوە

گرووپی ‘جەیشولغەزەب’ کە خۆی وەک بەشێک لە موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنێت، بەرپرسیارێتیی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر  هەرێمی کوردستان لە ئەستۆ گرت.

ئەمڕۆ سێشەممە 7ی نیسانی 2026 گرووپی ‘جەیشولغەزەب’ی سەر بە بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی ڕایگەیاند: “لە ڕێگەی درۆنەوە هێرشیان کردووەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستان.”

گرووپەکە باسیان لەوەش کردووە، “هێرشەکە وەک تۆڵەکردنەوەیەک کراوە بۆ خوێنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری پێشووی حیزبوڵڵای لوبنان و چەکدارانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بووە.”

بانگەشەکانی ئەو گرووپانە لە کاتێکدان، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ درۆنێکی بۆمبڕێژکراو بەر ماڵی هاونیشتمانییەک لە گوندی ‘زەرگەزەوی’ لە سنووری ناحیەی دارەشەکرانی هەولێر کەوت و بەو هۆیەوە پیاوێک و هاوژینەکەی شەهید بوون.