ئێوارەی دوێنێ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند: ‘پێم باشە کورد نەچێتە نێو جەنگەکەوە.’
ڕۆژی دووشەممە 6ی نیسانی 2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند: “پەیوەندیی دێرینمان لەگەڵ کورد هەیە، وا باشترە کورد لەو جەنگەی لە ناوچەکەیە هەیە بە دوور بێت.”
ترەمپ لەسەر ڕزگارکردنی فڕۆکەوانەکەی ئەمریکا گوتی: ” زەحمەتە لە وڵاتێکی وەکو ئێراندا بتوانیت سەربازێکی خۆت ڕزگار بکەیت، بەڵام ئەوە تەنیا بە ئەمریکا دەکرێت و ئێمە کردمان، هەمان ئەو کەسانەی ئۆپەراسیۆنەکەی مادۆرۆیان کرد، فڕۆکەوانەکەیان لە ئێران رزگار کرد.”
دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی سەربازیی ئاراستەی تاران کرد و ڕایگەیاند: “تەواوی وڵاتی ئێران دەکرێت لە یەک شەودا لەناو ببریت، و ئەو شەوەش ڕەنگە شەوی سبەینێ بێت. ڕۆژی سێشەممە دەبێتە ڕۆژی وێستگەکانی کارەبا و ڕۆژی پردەکان، ئەگەر گەرووی هورمز نەکرێتەوە، ئێرانییەکان لە ناو دۆزەخدا دەژین.”
سەرۆکی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ڕەخنەی توندی لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا گرت و گوتی: “نە ناتۆ، نە کۆریای باشوور، نە ئوسترالیا و نە ژاپۆن هاوکارییان نەکردووین. ئەمریکا 50 هەزار سەربازی لە ژاپۆن و 45 هەزار سەربازی لە کۆریای باشوور هەیە بۆ پاراستنیان، بەڵام ئەوان لەم جەنگەدا یارمەتیدەر نەبوون.”
ئەم قسانەی دۆناڵد ترەمپ لەسەر کورد دوای ئەوە دێت، کە ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاندبوو؛ “لە ڕێگەی کوردەکانەوە چەکمان بۆ خۆپیشاندانەکانی ئێران ناردووە، بەڵام کوردەکان چەکەکانیان بۆ خۆیان هەڵگرتووە و دەبێت باجی ئەم کارەیان بدەن.”