وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و بە توندی لەسەر هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان هاتە دەنگ و دەڵێت: “بە ئاشکراو بە بەرچاوی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان.”
ئەمڕۆ دووشەممە 6ی نیسانی 2026 وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند: “لە شەوی ڕابردوو جارێکی دیکە گرووپە تیرۆرستییە لەیاسا دەرچووەکان، لە ڕێگەی چوار درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشیان کردە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە ڕۆژانی ڕابردووشدا چەندین جار هێرشە تیرۆرستییەکان لەناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بۆ سەر بارەگاکانی پێشمەرگە بەردەوامبوون.”
وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت: “بە ئاشکراو بە بەرچاوی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە هێرش دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان و بارەگاکانی هێزی پێشمەرگە و زیانی گیانی و ماددی زۆریان هەبووە.”
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە هاتووە، “تا ئێستا حکومەتی فیدراڵ، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق، هیچ هەڵوێستێکی جدیان نەبووە بۆ ڕێگریکردن لەم هێرشە تیرۆریستی و تێکدەرانەیە.”
وەزارەتی پێشمەرگە جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە، “دەبێ ئەو دەستدرێژییانە بەخێرایی بوەستێنرێت و تاوانکاران سزا بدرێن. ئێمە لە پێناو بەرژەوەندی هەموو خەڵکی عێراق و کوردستان و لەبەرچاوگرتنی ئەم دۆخە نالەبارە، دانمان بە خۆماندا گرتووە ، بەڵام ئەگەر حکومەتی فیدراڵ هەر وا بێ هەڵوێست بێت ناچار دەبین هەڵوێستی دیکەمان دەبێت.”