بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی سەبارەت بە چارەنووسی تاقیکردنەوەکانی ئەمساڵ و خوێندنی ئۆنڵاین ڕایگەیاند: ‘تاقیکردنەوەکان بە هیچ شێوەیەک بە شێوازی ئۆنڵاین یان ئەلیکترۆنی ئەنجام نادرێن.’
ڕۆژی یەکشەممە 5ی نیسانی 2026 نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی ڕایگەیاند: ” سەرەڕای ئەم دۆخە، تاقیکردنەوەکان بە هیچ شێوەیەک بە شێوازی ئۆنڵاین یان ئەلیکترۆنی ئەنجام نادرێن. لە هەموو حاڵەتێکدا قوتابییان دەبێت بۆ تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵ لەناو هۆڵ و پۆلەکاندا ئامادەبن.”
نەژاد عەبدوڵڵا باسی لەوەش کرد؛ ” تا ئێستا هیچ کاتێکی دیاریکراو بۆ تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی و پۆلی 9ی بنەڕەتی دەستنیشان نەکراوە و پرسەکە ڕاگیراوە. پەنابردن بۆ خوێندنی ئۆنلاین لە ئێستادا تەنها چارەسەرێکی ناچارییە.”
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە ئاماژەی بەوەش کرد، “پێشتر پڕۆگرام کەمکراوەتەوە، بەڵام بۆ هەر گۆڕانکارییەکی نوێ چاوەڕوانی بڕیاری وەزارەتی پەروەردەین، چونکە هیچ بڕیارێکی کەمکردنەوە بەبێ ڕەزامەندی وەزارەت نادرێت.”
وهزارهتی پهروهردەی هەرێمی کوردستان, بههۆی دۆخی ناسهقامگیری ناوچهكه بڕیاریداوه به ڕاگرتنی دەوامکردنی ناو پۆل لە هەموو ناوەندەکانی خوێندن و ئێستا پرۆسەکە بە شێوازی خوێندنی ئۆنلاین بەردەوامە.