گوتەبێژی حەج و عومرە: چوونی حاجیان بۆ سعودیە تەنیا بە ڕێگەی وشکانی دەبێت

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت: “بەهۆی ئەو بارودۆخە ئەمنییەی هەیە، ئەمساڵ چوونی حاجیان بۆ سعودیە تەنیا بە ڕێگەی وشکانی دەبێت.”

ڕۆژی یەکشەممە 5ی نیسانی 2026 کاروان ستونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ” ڕێکارەکانی مامەڵەی حاجیانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و کار لەسەر ئەوە دەکرێت بەبێ گرفت لە کاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت. بە ئەگەری زۆرەوە ئەمساڵ بە پاس هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان گەشتی سعودیە دەکەن بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج.”

کاروان ستونی گوتیشی: “حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئامادەکارییەک و پاڵپشتییەکی کردووین، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە هاوکاری حاجیان بکەین، هەروەها شاندێکی حەج و عومرەی عێراقیش ئێستا لە وڵاتی سعودییەن، بە مەبەستی کار ئاسانیکردن بۆ گەشتی هاووڵاتییان بۆ ئەو وڵاتە.”

بڕیار وایە بۆ ئەمساڵ پێنج هەزار و 120 حاجی لە هەرێمی کوردستان بە مەبەستی بەجێهێنانی فەریزەی حەج بچنە سعودییە.