هێرشکرایە سەر پارێزگایەکی ئێران و شەش منداڵ کوژران

میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاند: لە ئەنجامی هێرشەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی تاراندا، شەش منداڵی خوار تەمەن 10 ساڵان گیانیان لەدەستداوە.  

ئەمڕۆ دووشەممە 6ی نیسانی 2026 فریاکەوتنی تاران ڕایگەیاند: “لە ئەنجامی هێرشەکانی شەوی ڕابردووی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر پارێزگای تاران، شەش منداڵ گیانیان لەدەستداوە.”

فریاکەوتنی تاران ئاماژەی بەوەش کرد، “قوربانییەکان پێکهاتوون لە چوار کچ و دوو کوڕ، کە تەمەنی سەرجەمیان لە خوار 10 ساڵییەوە بووە.”

لە لایەکی دیکە، گوتەبێژی ڕێکخراوی ئاگرکوژێنەوەی تاران ڕایگەیاند: “لە یەکەم هێرشدا، وێستگەیەکی کەمکردنەوەی پەستانی گاز لە یەکێک لە ناوچەکانی ناوەڕاستی تاران بۆردمانکرا. هێرشەکە بووەتە هۆی دزەکردنی زۆر و مەترسیداری گاز، بەڵام ئاگر نەکەوتووەتەوە و لە ماوەی کەمتر لە نیو کاتژێردا تیمەکان توانیویانە ڕێگری لە دزەکردنی گازەکە بگرن.”

ئەم پەرەسەندنە سەربازییە لەکاتێکدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، مۆڵەتێکی بۆ تاران دیاری کردووە تاوەکو گەرووی هورمز بکاتەوە. ترەمپ هۆشداری داوە ئەگەر تاوەکو ئێوارەی رۆژی سێشەممە بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا گەرووەکە نەکرێتەوە، فەرمانی بۆردمانکردنی پردەکان و وێستگەکانی وزە دەدات.