بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی تایبەت بۆ چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشەی غازی ماڵان و ڕێکخستنەوەی پرۆسەی دابەشکردن لە دیوانی پارێزگا بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ یەکشەممە 5ی نیسانی 2026 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: “پارێزگا بە هەموو توانایەکییەوە کار دەکات بۆ چارەسەری ڕیشەیی ئەم گرفتە و بۆ ئەو مەبەستەش هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەستی پێکردووە تا پشکی ڕۆژانەی پارێزگای هەولێر لە غازی شل زیاد بکرێت.”
ئومێد خۆشناو هۆشداریش بە خاوەن کارگە و بریکارەکانی دابەشکردنی غاز دەدات و گوتی: “بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە بەرزکردنەوەی نرخ نادرێت و هەر کەسێک غاز بە گرانتر لە نرخی دیاریکراو بە کارتی ئەلیکترۆنی بفرۆشێت، ڕووبەڕووی سزای توند دەبێتەوە.”
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، “بڕیاردرا ئاسانکاری تەواو بۆ ئەو خێزانانە بکرێت کە تازە هاوسەرگیرییان کردووە و هێشتا مامەڵەی جیاکردنەوەی فۆرمی خۆراکیان تەواو نەکردووە، لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو هاووڵاتییانەی نیشتەجێی ناوچەکانی ماددەی 140ن بۆ ئەوەی بێبەش نەبن لە پشکی غاز.”
لە کۆبوونەوەکە بڕیاردرا غازی ماڵان لە ڕێگەی کارتی ئەلیکترۆنی و لە ڕێگەی بریکارەکانەوە بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش بکرێت، ئەمەش بە مەبەستی ڕێگریکردن لە قۆرخکاری و گەیشتنی غاز بە یەکسانی بە هەموو ماڵان.