لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، لەمپەرێکی گەورە هاتووەتە بەردەم مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی کاڵا و شمەک، ئەویش کەمبوونەوەی بەرچاوی پارەی وردەیە(250، 500، 1000) دیناری.
هۆکاری کەمبوونەوەی پارەی وردە بۆچی دەگەڕێتەوە؟
بەپێی گوتەی شارەزایانی دارایی؛ هۆکاری سەرەکیی ئەم کێشەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ساڵانێکی زۆرە بانکی ناوەندیی عێراق هیچ چاپێکی نوێی پارەی وردەی نەخستووەتە بازاڕەوە. پارەی وردە بەهۆی ئەوەی بڕبڕەی پشتی مامەڵە بچووکەکانە، زۆرترین بەکارهێنانی هەیە و ئەمەش وایکردووە زوو کۆن ببێت و تەمەنی کورت بێت.
کاریگەرییەکانی لەسەر بازار چین؟
کاسبکاران و خاوەن دوکانەکان باس لەوە دەکەن کە ڕۆژانە لە کاتی گەڕانەوەی پاشماوەی پارە (باقی) بۆ کڕیاران تووشی گرفت دەبن. زۆرجار کڕیارەکان ئامادە نین ئەو پارە وردانە وەربگرن کە بەهۆی زۆریی بەکارهێنانیانەوە دڕاون یان بە تیپ (لەزگە) پێکەوە لکێنراون. ئەم دۆخە وایکردووە لەمپەر لەبەردەم کڕین و فرۆشتنی بچووک دروست بێت و زۆرجار مامەڵەکان بەهۆی نەبوونی خۆردە یان وەرنەگرتنی پارەی کۆن سەرنەگرن.
پێشنیارەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە چین؟
پسپۆڕانی بواری دراو و بەرپرسانی بانکی ئاماژە بەوە دەکەن کە پێویستە بانکی ناوەندیی عێراق بیر لە دروستکردنی چاپی پارەی وردەی پلاستیکی بکاتەوە، چونکە ئەو جۆرە دراوە بەرگەی بەکارهێنانی زۆر دەگرێت و بەزوویی تێکناچێت. ئەم هەنگاوە دەکرێت تێچووی چاپکردنی پارە بۆ دەوڵەت کەم بکاتەوە و کێشەی تێچوونی پارەش لە بازاڕدا بۆ هەمیشە چارەسەر بکات.
سەرەڕای پەرەسەندنی کێشەکە، تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی لەلایەن بانکە حکومی و ئەهلییەکانەوە نابینرێت بۆ گۆڕینەوەی پارە دڕاوەکان بە پارەی نوێ. ئەمەش وایکردووە کێشەکە بەردەوام بێت و کاریگەری نەرێنی لەسەر جووڵەی بازاڕ هەبێت.