بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی هەستانەوەی حەزرەتی مهسیح، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی کریستیانەکانی کوردستان، عێراق و جیهان کرد و هیوای خواست ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر، خۆشی و ئارامی بۆ هەمووان.
ئەمڕۆ یەکشەممە 5ی نیسانی 2026 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: “هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بە لانکەی پێکەوەژیان، تەبایی و یەکترقبووڵکردنی هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییەکان دەمێنێتەوە.”
هەر لە پەیامەکەیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت: “هاووڵاتییانی مەسیحیمان بەشێکی ڕەسەن و دانەبڕاوی کۆمەڵگەی کوردستانن و مێژوویەکی پڕ لە خەبات و هاوبەشییان لەگەڵ گەلی کوردستاندا هەیە.”
کریستیانەکان دوای 50 ڕۆژ لە بەڕۆژوبوون، پێشوازی لە جەژنی هەڵسانەوە دەکەن. ئەم جەژنە بە مانای زیندووبوونەوەی حەزرەتی مەسیح دوای لەخاچدانی دێت، هەروەها دوای لەدایکبوونی مەسیح، بە دووەم گەورەترین جەژنی کریستیانەکان دادەنرێت.
دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
بە بۆنەی هاتنهوهى جەژنی قیامهی حهزرهتی مهسیحهوه، گەرمترین پیرۆزبایی لە هاووڵاتييان و خوشک و برایانی مەسیحيمان لە هەرێمی کوردستان، عێراق و تەواوی جیهان دەکەم. هیوادارم ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و خۆشی و ئارامی بۆ هەمووان.
لەم یادهدا، دووپاتی دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بە لانکەی پێکەوەژیان، تەبایی و یەکترقبووڵکردنی هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییەکان دەمێنێتەوە. هاووڵاتييانى مەسیحيمان بەشێکی ڕەسەن و دانەبڕاوی کۆمەڵگەی کوردستانن و مێژوویەکی پڕ لە خەبات و هاوبەشییان لەگەڵ گەلی کوردستاندا هەیە.
جەژن لە هەمووان پیرۆز بێت، هیوای جەژنێکی شاد و پشوویەکی ئارام بۆ هەمووان دەخوازم.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان