وەزارەتی تەندروستی هۆشدارییەکی توند بە دەرمانخانەکان دەدات

وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرجەم كۆگا و دەرمانخانە و شوێنە پزیشكییەكانی ئاگادار كردەوە كە ئەگەر دەرمانی بێ ستیكەر و نافەرمی بفرۆشن، توندترین سزایان بەسەردا جێبەجێ دەكرێت.

ڕۆژی پێنجشەممە 2ی نیسانی 2026 بەڕێوەبەرایەتی كۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان سەر بە وەزارەتی تەندروستیی ڕایگەیاند: “ئاگاداری سەرجەم ناوەندە دەرمانسازی و پزیشکییەکان دەکەینەوە، دەرمانخانە، کۆگای دەرمان، شوێنی پێداویستیی پزیشکی، پێداویستیی تاقیگەیی، پێداویستیی ددانسازی و چاویلکەسازی، پێویستە ئەو بەرهەمانەی مامەڵەی پێوە دەکەن فەرمی بن و لە شوێنی فەرمی هاوردەکرابن و ستیکەری وەزارەتی تەندروستییان پێوە بێت.”

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، “بەپێچەوانەوە، لەکاتی سەردانیکردنی تیمەکانمان بۆ ئەو ناوەندانە، لە ئەگەری بوونی هەر بەرهەمێکی نافەرمی و بێ ستیکەر، ڕێکاری یاسایی توند دەگیرێتەبەر.”

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، “ئەم ئاگادارکردنەوەیە بەرهەمەکانی کارگە نێوخۆیی و عێڕاقییەکانیش دەگرێتەوە و ئەوانیش پێویستە ستیکەریان پێوەبێت.”

ئەم ئاگادارکردنەوەیەی وەزارەتی تەندروستی دوای ئەوە دێت، کە لە چەند دەرمانخانەیەک دەرمانی نافەرمی و بێ ستیکەر بە هاووڵاتییان فرۆشراوە.