ترەمپ: ئێران دەگەڕێنینەوە سەردەمی چاخی بەردین

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند: لە دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوودا زۆر بەهێزتر لە ئێران دەدەن و دەیانگەڕێننەوە بۆ سەردەمی چاخی بەردین و کارەکەیان تەواو دەکەن.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی نیسانی 2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند: ” هێزی دەریایی ئێران لەناوچووە و هێزی ئاسمانییان بووەتە کەلاوە. هیچ هێزێکی چەکداری و ئاسمانی نەماوە، سوپای پاسدارانیش بە تەواوەتی لەناوچووە، سەرجەم سەکۆکانی هەڵدانی موشەکییان خاپورکراون.”

دۆناڵد ترەمپ گوتیشی: “بەتەواوی هەموو پێگە ئەتۆمییەکانی ئێرانمان لەنێوبرد و کاولمان کردن, لە دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوودا زۆر بە خراپی لێیان دەدەین و دەیانگەڕێنینەوە بۆ چاخی بەردین.”

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ترەمپ ڕایگەیاند: “ئێستا ئێمە خاوەنی بەهێزترین سوپای جیهانین، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستمان ئازاد کردووە و چیدیکە پێویستمان بە نەوتی ئەو ناوچەیەش نییە.” 

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، “ئەو وڵاتانەی کاریان لە گەرووی هورمزدا هەیە پێویستە سوپاسی ئەمریکا بکەن، چونکە هیچ هەناسەیەکی بۆ ئێران نەهێشتووەتەوە.”

گرژییەکان لە نێوان واشنتۆن و تاران گەیشتوونەتە ئاستێکی بەرز. ترەمپ پێشتر هەڕەشەی کردبوو، ئەگەر ئێران گەرووی هورمز بە ڕووی کەشتییەکاندا نەکاتەوە، وڵاتەکە ڕووبەڕووی لێدانی زۆر بەهێز دەبێتەوە، هەرچەندە ئاماژەی بەوەش کردبوو، ئێران داوای ئاگربەستی کردووە و واشنتۆن خەریکی لێکۆڵینەوەیە لەو داوایە.