هێرشی ئاسمانی کرایە سەر نەخۆشخانەیەک و 400 کەس کوژران

حکومەتی ئەفغانستان سوپای پاکستانی تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە چارەسەری ئاڵوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان لە کابولی پایتەخت. لە کاتێکدا ئەفغانستان باس لە کوژرانی 400 هاووڵاتی سڤیل دەکات.

شەوی دووشەممە 16ی ئاداری 2026  حەمدوڵڵا فیترەت، جێگری گوتەبێژی حکومەتی ئەفغانستان ڕایگەیاند: “فڕۆکە جەنگییەکانی پاکستان نەخۆشخانەیەکی 2,000 قەرەوێڵەییان لە ‘کابول’ بۆردمان کردووە، بەهۆیەوە نزیکەی 400 کەس کوژراون و 250 هاووڵاتی دیکەش بریندار بوون.”

لەلایەکی دیکەوە، ئومێد ستانیکزای، پاسەوانێکی نەخۆشخانەکە گوتی: “دەنگی فڕۆکە جەنگییەکانمان دەبیست کە بە سەر سەرماندا دەسووڕانەوە. کاتێک یەکە سەربازییەکانی دەوروبەرمان تەقەیان لە فڕۆکەکە کرد، فڕۆکەکە بۆمبی خستە خوارەوە و ئاگرێکی گەورە کەوتەوە.”

حکومەتی پاکستان بە ئەنقەست پێکانی ناوەندە تەندروستییەکەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند: “هێرشی وردمان کردووەتە سەر دامەزراوە سەربازییەکان و ژێرخانی پشتگیری تیرۆریستان.”

ئەم هێرشە دوای چەند کاتژمێرێک دێت لە ئاڵوگۆڕی تەقە لەسەر سنووری نێوان هەردوو وڵات کە بووە هۆی کوژرانی چوار کەس. شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان پاکستان و ئەفغانستان چووەتە هەفتەی سێیەمەوە و بە تووندترین گرژیی ساڵانی ڕابردوو دادەنرێت.