سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هێلیکۆپتەرێک لە پارێزگای ئەسفەهانی ئێران کەوتە خوارەوە و چوار کەس کە لەنێو فڕۆکەکە بوون گیانیان لەدەستدا. بە گوتەی میدیاکانی ئێران بێت؛ کێشەیەکی تەکنیکی بۆ هێلیکۆپتەرەکە دروستبووە لە کاتی فڕینیدا.
ئەمڕۆ سێشەممە 24ی شوباتی 2026 پێگەی مێهر نیوزی ئێرانی بڵاویکردەوە، کە هێلیکۆپتەرێک لە شارۆچکەی “دۆرچە”ی سەر بە قەزای خومەینی شار لە پارێزگای ئەسفەهانی ئێران کەوتەخوارەوە و کەوتە نێو مەیدانی میوە و سەوزەی شارۆچکەکە. کە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و لەنێویان فڕۆکەوان و یاریدەدەری فڕۆکەوانەکە هەن.
بەڕێوەبەری گشتی ئاگرکوژێنەوەی خومەینی شار ڕایگەیاند: “بەهۆی ڕووداوەکە، چوار کەس گیانیان لەدەستداوە کە بریتین لە فڕۆکەوان، یاریدەدەری فڕۆکەوان و دوو کەس لەو کاسبکارانەی کە لەناو مەیدانی میوە و سەوزەکەدا سەرقاڵی کارکردن بوون.”
ئەم ڕووداوە لەکاتێکدایە، ڕۆژی هەینی ڕابردووش فڕۆکەیەکی سەربازی لە کاتی مەشقدا لە شاری هەمەدان کەوتە خوارەوە و فڕۆکەوانەکەی گیانی لەدەستدا.