سالم جاسم
لە ئێستادا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژوویی و مەترسیداردایە. ناوچەکە بووەتە گۆڕەپانی جەنگێکی سارد و گەرم لە نێوان جەمسەرە گەورەکاندا؛ لە لایەکەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، لە لایەکی تریشەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەرەی “مقاومە”. لە نێو ئەم گێژاوەدا، پاراستنی قەوارەیەکی سیاسی وەک هەرێمی کوردستان، کارێکی یەکجار ئەستەمە و پێویستی بە حیكمەت و وردبینییەکی سیاسیی بێوێنە هەیە، چونکە هەر هەڵەیەکی بچووک لەم کاتە هەستیارەدا، ڕەنگە باجەکەی لەدەستدانی دەستکەوتە مێژووییەکان بێت.
هەرێمی کوردستان لە ڕووی جوگرافی و سیاسییەوە لە نێوان دووڕیانێکی سەختدایە. لە لایەکەوە خاوەنی مێژوویەکی درێژخایەن و هاوبەشە لەگەڵ ئەمریکا و وەک هاوپەیمانێکی باوەڕپێکراو لە جەنگی دژ بە تیرۆر ناسراوە، لە لایەکی تریشەوە سنوورێکی جوگرافی و ئابووریی بەرفراوانی لەگەڵ ئێراندا هەیە کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت. پاراستنی ئەم هاوسەنگییە وەک ڕێکردن وایە لەسەر تێغی زمان؛ هەر مەیلکردنێک بۆ لایەک، کاردانەوەی توندی لایەکەی تری لێ دەکەوێتەوە. سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێم لەژێر گوشارێکی بێشوماردایە بۆ ئەوەی نەکەوێتە نێو ئەم جەمسەربەندییانە و خاکی کوردستان نەبێتە شوێنی یەکلاکردنەوەی ململانێی هێزە دەرەکییەکان.
ماوەیەکە هەوڵێکی چڕ و بەرنامە بۆداڕێژراو بەدی دەکرێت بۆ پەلکێشکردنی هەرێمی کوردستان بۆ نێو شەڕێکی ناچاریی دژ بە ئێران. ئامانجی ئەم هەوڵانە وێڕای پێکانی ئامانجی خۆیان، هاوکات تێکدانی ئەو سەقامگیرییە سیاسی و ئاشتییە کۆمەڵایەتییەیە کە لە کوردستاندا هەیە. بەئامانجگرتنی ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک، گەورەترین و ڕوونترین پەیامی ئەم پیلانگێڕییە بوو. ئەم هێرشانە تەنها هێرشی سەربازی نەبوون، بەڵکو هەوڵێک بوون بۆ تیرۆرکردنی پێگەی سیاسیی هەرێم و تێکدانی ئەو هاوسەنگییەی کە نێچیرڤان بارزانی ساڵانێکە کاری بۆ دەکات.
ئەو لایەنانەی لە پشت ئەم هێرشانەوە بوون، دەیانویست هەرێم تووشی پەرچەکردارێکی توند بکەن کە سەرئەنجامەکەی تێوەگلانی ڕاستەوخۆ بوو لە جەنگێکدا کە هیچی تێدا نییە جگە لە وێرانکاری. جەنگێک کە نە ئێستا و نە لە داهاتووشدا هیچ خزمەتێک بە قەوارەی هەرێم و دۆزی کورد ناکات. لێرەدا دەپرسین: ئایا سەرۆکی هەرێم لەم کێشمەکێشەدا “نێچیر” بوو یان “نێچیرڤان”؟
بە بڕوای من، ئەگەرچی هێرشەکە کرایە سەر شوێنی مانەوەی لە دهۆک و ئەمەش لێدان بوو لە پێگەی هەرێم، بەڵام کاردانەوە ژیرانی و دیپلۆماسییانەکەی نێچیرڤان بارزانی دەریخست کە ئەو نەک هەر نەبووە نێچیری پلانەکان، بەڵکو وەک “نێچیرڤانێکی” سیاسیی لێهاتوو توانی ئامانجە ستراتیژییەکانی پشت هێرشەکە پووچەڵ بکاتەوە. نێچیرڤان بارزانی بە دوورکەوتنەوە لە زمانی هەڕەشە و بەکارهێنانی زمانی دیپلۆماسی و پەنابردن بۆ کۆدەنگیی نێودەوڵەتی، جارێکی تر سەلماندی کە هێزی ڕاستەقینەی هەرێم لە “عەقڵانییەتی سیاسی”دایە نەک لە وەڵامدانەوەی ئەو جۆرە هێرشانە.
سەرکەوتنی گەورەی هەرێمی کوردستان لەوەدابوو کە ڕێگەی نەدا خاکەکەی ببێتە بەشێک لەو ئاگرەی کە ناوچەکەی گرتووەتەوە. ئەم خۆڕاگرییە دیپلۆماسییە جارێکی تر پێگەی هەرێمی وەک “ناوەندێکی ئارام” لە ناوچەکەدا چەسپاندەوە. شکستی هێرشەکان لەوەدا بوو کە نەک هەر هەرێمیان لاواز نەکرد، بەڵکو بوونە هۆی ئەوەی جیهان جارێکی تر پشتیوانیی خۆی بۆ قەوارەی هەرێم و سەرکردایەتییەکەی دووپات بکاتەوە، کە دەتوانێت لە ناو جەرگەی ململانێیەکاندا ئاشتی و هاوسەنگی بپارێزێت.