گوتەبێژی قەڕارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیای هێزە چەکدارەکانی ئێران ڕایگەیاند: ‘قاچی هەر کەسێک دەبڕین کە بیەوێت پەلاماری خاکی ئێران بدات.’
ئەمڕۆ سێشەممە 31ی ئاداری 2026 ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی قەڕارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیا ڕایگەیاند: “ئەمریکا و ئیسرائیل لە هەڵسەنگاندنی هێزی ئێراندا تووشی هەڵەی ستراتیژی بوون، ئەم هەڵە ستراتیژییەی دووژمنانی ئەمریکی و زایۆنیستی، ئەوانی ڕووبەڕووی سووکایەتی کردووەتەوە و لە ڕێڕەوی لەناوچووندا دایناون.”
زولفەقاری گوتیشی: “نەتەوەی خۆڕاگر و ڕۆڵە سەربەرزەکانمان لە هێزە چەکدارەکاندا سەلماندوویانە کە قاچی هەر دەستدرێژیکارێک بۆ سەر وڵاتەکەیان دەبڕن و تووشی سووکایەتی و ڕیسواییان دەکەن.”
ئەم هەڕەشانەی گوتەبێژەکەی خاتەمولئەنبیا دوای قسەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دێت، کە بە دەسەڵاتدارانی ئێرانی ڕاگەیاندبوو، ئەگەر بە زووترین کات گەرووی هورمز بە ڕووی کەشتییە بازرگانییەکاندا نەکرێتەوە، ئەوا ناچار دەبن بژاردەی هێرشی زەمینی بگرنەبەر.