شارەزایەکی بواری گەردوونناسی ڕایگەیاند: بە پشتبەستن بە بەڵگە زانستییەکان ڕۆژی چوارشەممە 27/5/2026 یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانە.
ئەمڕۆ دووشەممە 30ی ئاداری 2026 سالار حاجی عەلی، شارەزا لە بواری گەردوونناسی ڕایگەیاند: “ساڵانە ئەنجوومەنی فەتوای سعوودیە و وڵاتانی عەرەبی و هەرێمی كوردستان، دوای دوو مانگی ساڵی كۆچی لە جەژنی ڕەمەزان، چاودێری بینینی مانگ دەكەن، بۆ دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان، لە 10 ڕۆژی ‘ذوالحجە’ مانگی عەرەبی جەژن بەفەرمی ڕایدەگەیەنن.”
سالار حاجی عەلی گوتیشی: “پشت بەستن بە بەڵگە زانستییەکان لە 16/5/2026 چەند کاتژمێرێک دوای نوێژی خەوتنان مانگ نوێ دەبێتەوە و لە هیچ وڵاتێک مانگ نابیندرێت و دواتر لە ئێوارەی ڕۆژی 17ی مانگی 5، بە ئامێری تەلیسکۆپ هیلالی مانگ دەبینرێت، واتە لە ڕۆژی 18ی مانگ فەڕیزەی حەج دەستپێدەکات و ئەو چەند ڕۆژە 9 ڕۆژی ‘ذوالحجة’یە و وەستانە لە کێوی عەرەفە، تا ڕۆژی 26ی 5 دەبێتە کۆتا ڕۆژی.”
ئەو شارەزایەی کەشناسی ئاماژەی بەوەش کرد، ” ئەمساڵ ڕۆژی 27ی مانگی 5 دەبێتە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان.”
ساڵانە لە جیهان و بەتایبەتیش لە هەرێمی کوردستان، هاووڵاتییان بە گەرمی پێشوازی لە جەژن دەکەن و بە دروستکردنی خواردن و سەردانیکردنی یەکتر ئەو ڕۆژە پیرۆزە بەرز ڕادەگرن.