ئێران بۆ ترەمپ: سەربازەکانت دەبنە خۆراکی قرشەکانی کەنداو

بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران، لە ئەگەری هێرشی زەمینی هێرشی تووند دەکاتە سەر سەرۆکی ئەمریکا و دەڵێت: ‘گیانبەختکەرانی ئیسلام ماوەیەکی درێژە چاوەڕێی هەنگاوێکی لەو شێوەیەن’.

ئەمڕۆ یەکشەممە 29ی ئاداری 2026 ئیبراهیم زۆلفەقاری، گوتەبێژی بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا ڕایگەیاند: “ترەمپ چەندین جار هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی زەمینی و داگیرکردنی هەندێک لە دوورگەکانی ئێرانی لە کەنداوی فارس کردووە، بەڵام گومانی تێدا نییە ئەو بووەتە بووکەڵەی دەستی سەرۆکوەزیرانی ڕژێمی زایۆنی بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ دژی ئێران.”

ئیبراهیم زۆلفەقاری گوتیشی: “سەرۆکی ئەمریکا کە بە درۆزنترین سەرۆکی جیهان ناسراوە، هیچ جۆرە سەقامگیرییەکی هزری و گوتاری نییە و بە هیچ شێوەیەک جێگەی متمانە نییە.”

گوتەبێژەکەی خاتەمولئەنبیا هۆشداری تووند بە ئەمریکا دەدات و ڕایگەیاند: “گیانبەختکەرانی ئیسلام ماوەیەکی درێژە چاوەڕێی هەنگاوێکی لەو شێوەیەن،  فەرماندە و سەربازانی ئەمریکی دەبنە خۆراکێکی باش بۆ قرشەکانی کەنداوی فارس.”

ئەم هۆشدارییەی گوتەبێژی خاتەمولئەنبیا لە کاتێکدایە، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتن بەردەوامن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێکی ئەوتۆیان لێ نەکەوتووەتەوە.