ئیران ئینتەرناشناڵ لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای دەکات، کە سەرۆککۆماری ئێران هۆشداری داوە بە سوپای پاسداران و گوتوویەتی: ئێران بەرگەی تێکچوونی جەنگ ناگرێت و لە ماوەی کەمتر لە سێ هەفتە بەتەواوەتی دادەڕووخێت.
ڕۆژی شەممە 28ی ئاداری 2026 ماڵپەڕی ئیران ئینتەرناشناڵ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: ” ناکۆکییەکی قووڵ و جیدی لە نێوان مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی سوپای پاسداران سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەبردنی جەنگ و لێکەوتە وێرانکەرەکانی لەسەر بژێوی خەڵک و ئابووری وڵات سەریهەڵداوە.”
لە ڕاپۆرتەکەدا خراوەتەڕوو، “مەسعوود پزیشکیان جەختی کردووەتەوە کە بەبێ دامەزراندنی ئاگربەست، ئابووری ئێران لە ماوەی سێ هەفتە تا مانگێکدا ڕووبەڕووی هەرەسهێنانی تەواوەتی دەبێتەوە.” هاوکات پزیشکیان داوای “گەڕاندنەوەی دەسەڵاتەی جێبەجێکردن و کارگێڕییەکانی بۆ حکومەت کردووە.”
هەر بە گوێرەی ڕاپۆرتکەی ئیران ئینتەرناشناڵ؛ ئەو داوایەی پزیشکیان لەلایەن ئەحمەد وەحیدی بە توندی ڕەتکراوەتەوە. فەرماندەی سوپای پاسداران لە وەڵامی ڕەخنەکانی پزیشکیاندا، “ئەنجامنەدانی چاکسازییە پێکهاتەییەکان لەلایەن حکومەتەوە پێش دەستپێکردنی شەڕ بە هۆکاری دۆخی ئێستا دەزانێت.”
ئەم هۆشدارییەی پزیشکیان پەردە لەسەر دۆخی خراپی ئابووری ئێران لادەبات و هەر لەم بارەیەشەوە، سەرچاوە ئێرانییەکان ئاشکرای دەکەن: لەناوخۆی ئێران زۆربەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ATM) بێ پارەن، کار ناکەن، یان بە شێوەیەکی فیزیکی لە دەستی هاوڵاتیان دەرهێنراون. هەروەها خزمەتگوزارییە بانکییە ئۆنلاینەکانی چەند بانکێکی سەرەکی، لەوانە بانکی میللی، بە شێوەیەکی پچڕپچڕ ڕادەگیرێن.
ئێستا ئێران لە سێ لاوە گەمارۆ دراوە، کە بریتین لە سزا نێودەوڵەتییەکان و دەمارە ڕێگاکانی بازرگانییان وشک کردوو، داڕمانی دراو، کە بەهاى تمەنى ئێرانی گەیشتووەتە نزمترین ئاستی مێژوویی، تێچووی جەنگ، کە بودجەی گشتیی وڵاتەکەی بۆ لایەنی سەربازی هەڵلووشیوە.