پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لەلایەن گرووپە لە یاسا دەرچووەکانەوە بە درۆن هێرشکرایە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک. ئەم هێرشە کاردانەوەی بەرفراوانی لێکەوتەوە، هەمووان بە پەرەسەندنێکی مەترسیدار وەسفیان کرد.
کەمێک لەمەوبەر، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بێژەرێکی تۆڕی میدیای ڕووداو رایگەیاند: “هێرشەکە کەسی نییە و پێگەی دەستووریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەئامانج گیراوە، ئەمە پێشهاتێکی مەترسیدارە.”
نێچیرڤان بارزانی لە درێژە گفتووگۆ پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا جەختی لەوە کردەوە: “پێویستە حکومەتی فیدراڵیی عێراق بیرێکی زۆر جیدی لەم بابەتە بکاتەوە، لە بابەتی کەسانێک کە ماف بە خۆیان بدەن لە دەرەوەی یاسا هێرش بکەنە سەر دامودەزگای دەوڵەتی عێراق.”
سەرۆکی هەرێم لە دەستپێکی قسەکانیدا سوپاسی گەلی کوردستان و هەموو لایەکی کرد و گووتی: “دەمەوێت سوپاسی هەموو لایەک بکەم، بەڕاستی زۆرجار من گوتوومە، هەر ئەم پشتیوانییە هێزێکی گەورەیە بۆ ئێمە، ئەوەی من دەیبینم پشتیوانی هەموو گەلی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی لە هەولێر، دهۆک، سلێمانی، گەرمیان و زاخۆ، ئەمە جێگەی رێز و پێزانینە و سوپاس و خۆشەویستیم هەیە بۆ هەموو لایەک.”
پوختەی بەشێک لە قسەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا:
پێش دەستپێکردن، دەمەوێت سوپاسی هەموو لایەک بکەم، بەڕاستی زۆرجار من گوتوومە، هەر ئەم پشتیوانییە هێزێکی گەورەیە بۆ ئێمە، ئەوەی من دەیبینم پشتیوانی هەموو گەلی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی لە هەولێر، دهۆک، سلێمانی، گەرمیان و زاخۆ، ئەمە جێگەی ڕێز و پێزانینە و سوپاس و خۆشەویستیم هەیە بۆ هەموو لایەک.
بە دەرفەتیشی دەزانم سەرەخۆشی بۆ کەسوکاری هەموو شەهیدەکان کە لەم ماوەیە شەهید بوون بنێرم و هیوای چاکبوونەوە بۆ هەموو بریندارەکان بخوازم.
بابەتەکە کەسی نییە، ئەمە پێشهاتێکی مەترسیدارە بۆ هەموو عێراق بەشێوەیەکی گشتی. تەماشا بکە، ئەو گرووپانەی کە لە یاسا دەرچوون ئەو مافە بە خۆیان بدەن شوێنێک کە شوێنی سەرۆکی هەرێمە، سەرۆکی هەرێم نەک وەکو کەس، سەرۆکی هەرێم وەکو پێگەی کە بە پێی دەستووری عێراقیش پێگە و جێگەی خۆی هەیە، ئەوان ماف بە خۆیان بدەن ئەو پێگەیە بە ئامانج بگرن، بابەتەکە کەسی نییە، ئەمە پێشهاتێکی مەترسیدارە.
بە سوپاسەوە کە ئەم بەیانییە بەڕێز سەرۆکوەزیرانی عێراق کە ئەو ڕووداوەی بیست پەیوەندی کرد و نیگەرانی خۆی دەربڕی و سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد. ئەمانە وامان پێدەڵێن جارێکی دیکە کە بەڕاستی پێویستە حکومەتی فیدراڵیی عێراق بیرێکی زۆر جیدی لەم بابەتە بکاتەوە، لە بابەتی کەسانێک کە حەق بە خۆیان بدەن لە دەرەوەی یاسا هێرش بکەنە سەر دامودەزگای دەوڵەتی عێراق، دەبێت سنوورێک بۆ ئەوانە دابنرێت کە لە دەرەوەی یاسا مامەڵە دەکەن.
دوابەدوای ئەم ڕووداوە، کاردانەوەی نێودەوڵەتی و ناوخۆی دەربارەی هێرشی گرووپە لە یاسا دەرچووەکان بۆ ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان درووستبوو و لەمبارەیەوە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرنسا پەیوەندەی تەلەفۆنی بە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە کرد و سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد.