بەهۆی سەرکێشی کردن لەگەڵ لافاو گەنجێک بێسەروشوێن دەبێت

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە سنووری ناحیەی ‘لەیلان’ لە کەرکووک، گەنجێک لە کاتی گەڕانەوەی لە کاردا لافاو بردوویەتی، گەنجەکە بە ماتۆڕێکی سێ تایە لە ڕێگەی گەڕانەوە بووە بۆ ماڵەوە، لافاو خۆی و ماتۆرەکەی بردووە، گەڕان بەدوای بەردەوامە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی ئاداری 2026 موحەممەد وەیسی، بەڕێوەبەری ناحیەی لەیلان ڕایگەیاند: “ئەو گەنجە پاسەوان بووە و لە کار گەڕاوەتەوە، لەسەر ڕێگای گەڕانەوەی پردێک هەیە، بەهۆی لافاوەوە ئاو هاتووەتە سەر پردەکە، ئەم گەنجەش سەرکێشی کردووە.”

بەڕێوەبەری ناحیەی لەیلان گوتیشی: “هەرچەندە برادەرەکانی پێیان گوتووە لەسەر پردەکە نەپەڕێتەوە، بەڵام ئەو گوێی پێنەداوە و هەوڵی پەڕینەوە داوە و ئاو بردوویەتی.”

بە پێی ئەو زانیارییانەی دەست داڵ میدیا کەوتوون، ئەو گەنجەی لافاو بردوویەتی، ناوی ‘موحەممەد عوسمانە’، خەڵکی کەرکووکە، خێزاندارە و یەک منداڵی هەیە.