کوشکی سپی: ترەمپ گاڵتە نازانێت و ئێران دەکاتە دۆزەخ

گرافیک - داڵ میدیا؛ وێنەی دۆناڵد ترەمپ و گوتەبێژی کۆشکی سپی

گوتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند: دۆناڵد ترەمپ ئامادەیە قورسترین بۆردمان لە مێژوودا ئەنجام بدات ئەگەر تاران مل بۆ ڕێککەوتن نەدات.

ڕۆژی چوارشەممە 25ی ئاداری 2026 کارۆلاین لێڤت، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “ترەمپ هیچ گاڵتەیەکی نییە و ئامادەیە دۆزەخ لە نێوخۆی ئێران هەڵگیرسێنێت ئەگەر ئەوان نەگەنە ڕێککەوتن، پێویستە ئێران جارێکی دیکە تووشی هەڵەی لێکدانەوە نەبێتەوە، چونکە هەر هەڵەیەک تووشی بۆردمانی زۆر قورستریان دەکاتەوە.”

کارۆلاین لێڤت گوتیشی: “ئامانجی سەرەکیی واشنتن هەمیشە ئاشتی بووە و ترەمپ نایەوێت مەرگ و وێرانکاریی زیاتر ببینێت، بەڵام جەختی کردەوە کە پێویستە تاران دان بەو واقیعە نوێیەدا بنێت کە لە ڕووی سەربازییەوە بە تەواوی شکستی خواردووە.”

گوتەبێژەکەی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەش کرد، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە ماوەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی کارا و ڕاستەوخۆ بەشداریی لە تەواوی ئەو گفتوگۆ و دانوستانانەدا کردووە کە تایبەت بوون بە دۆسیەی ئێران.

ڕاپۆرتە هەواڵییەکان بڵاویانکردەوە، کە تاران پێشنیازەکەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بۆ ڕێککەوتن ڕەتکردووەتەوە.