بەهۆی کەمی غاز لە سلێمانی، دیاردەیەکی نوێی قۆرخکاری سەریهەڵداوە. ژمارەیەک لە هاووڵاتییان و تەنانەت کاسبکارانیش، غازی پاڵپشتیکراوی حکومەت بە نرخی 8 هەزار و 500 دینار وەردەگرن و دواتر بە نرخێکی زۆر گرانتر 20 بۆ 25 هەزار دینار دەیفرۆشنەوە.
ڕۆژی چوارشەممە 25ی ئاداری 2026 عومەر عەبدولڕەحمان، لێپرسراوی دابەشکردنی غاز لە سلێمانی ڕایگەیاند: “چەند بریکارێکی غاز و خاوەن نانەواخانە هەبوون لە سەرەی غازی هاونیشتیمانیان وەستاون و ئەو دەری کردوون. هەروەها پسوولەی سەرپێچیشی بۆ کردوون و ئاگاداریانی کردووەتەوە کە دووبارەی نەکەنەوە، تا خەڵکی دیکە سوود لەو غازە وەربگرن و دەست لەو کارە هەڵبگرن.”
عومەر عەبدولڕەحمان گوتیشی: “ئەم جۆرە فێڵکردنە مافی خەڵکی فەقیر و هەژار دەخوات، چونکە وەرگرتنی بوتڵێک غاز بە ناحەق، مافی ماڵێکی تر دەخوات.”
بەرپرسی دابەشکردنی غاز لە سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، بەمزووانە کێشەی غاز بە تەواوی چارەسەر دەبێت و دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.