ئەمڕۆ گوتەبێژی شارەوانی تاران ڕایگەیاند: بەهۆی دۆخی تایبەتی جەنگەوە، گواستنەوەی گشتی تاوەکو کۆتایی جەنگ لە تاران بەخۆراییە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی ئاداری 2026 عەبدولموتەهەر موحەممەدخانی، گوتەبێژی شارەوانی تاران ڕایگەیاند: “بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی تایبەتی جەنگ، هەوڵمانداوە توانای پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانمان بۆ هاووڵاتییان پەرە پێ بدەین و زیادی بکەین.”
عەبدولموتەهەر محەمەدخانی ئاماژەی بەوەش کرد، “بەپێی بڕیاری سەرۆکی شارەوانی تاران، گواستنەوەی گشتی تاوەکو کۆتایی جەنگ بۆ هاووڵاتییان بێبەرامبەر دەبێت.”
ئەم هەنگاوانەی شارەوانی پایتەختی ئێران لەکاتێکدایە، شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بەردەوامە و پێی ناوەتە رۆژی 26ـەمەوە و بۆردوومانی شارەکان بەتایبەت تاران چڕتر بووەتەوە.