گواستنەوەی دۆسیەی زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان بۆ سەر عێراق گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی، کە ژمارەیان دەیان هەزار کەسە، لەمەودوا مووچەکانیان نزیکەی سێ هێندە زیاد دەکرێت.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ئەمڕۆ سێشەممە 24ی ئاداری 2026 دەست داڵ میدیا کەوتوون، زیندانیانی سیاسی کە ژمارەیان دەیان هەزار کەسە، لەمەودوا مووچەکانیان نزیکەی سێ هێندە زیاد دەکرێت و کۆمەڵێک ئیمتیازاتیش دەیانگرێتەوە. بۆ یەکەمجاریش مووچە بۆ زیاتر لە 17 هەزار زیندانی و چەند توێژێکی تر دەبەسترێت و ئەوانیش ئیمتیازاتەکان دەیانگرێتەوە.
هەر بەپێی زانیارییەکان، ئێستا 26 هەزار و 807 زیندانی سیاسی دۆسیەیان بێ کێشەیە، مووچەخۆرن و تەنها مووچەکەیان بۆ زیاد دەکرێت. 17 هەزار و 537 زیندانی سیاسی دۆسیەیان تەواو بووە، بەڵام مووچەیان بۆ نەبەستراوە، مووچە بۆ ئەوانیش دەبەسترێت.
ئەوەی جێگەی ئاماژە پێکردنە، زیادبوونی مووچە بۆ نزیکەی سێ هێندە. مینحە یان مووچەی زیندانیانی سیاسی لە هەرێمی كوردستان 500 هەزار دینارە، بەڵام لەمەودوا دەبێتە ملیۆنێک و 200 بۆ ملیۆنێک و 400 هەزار دینار.
بڕیار وایە هەفتەی داهاتوو حکومەتی کوردستان دەست بە ئامادەکردنی دۆسیەکان بکات، دوای ئامادەکردنی دۆسیەکان، شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات، دۆسیەکان لەگەڵ خۆیان دەبەن بۆ ئەوەی دوایین هەنگاوەکان لەگەڵ بەغدا تەواو بکەن، حکومەتی عێراق پەسەندی بکات و دەست بە جێبەجێکردنی بکرێت.