فڕۆکەیەکی سەربازی کەوتە خوارەوە و دەیان سەرباز و ئەفسەر بوونە قوربانی

فڕۆکەیەکی سەربازیی جۆری هێرکۆلیس لە کۆڵۆمبیا دەکەوێتە خوارەوە و بەهۆیەوە دەیان سەرباز و ئەفسەر دەبنە قوربانی و ژمارەیەکی دیکەشیان بێسەروشوێنن.

ئەمڕۆ سێشەممە 24ی ئاداری 2026  هوگۆ ئەلیخاندرۆ لۆپێز بارێتۆ، فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی کۆڵۆمبیا ڕایگەیاند: “لە ئەنجامی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی سەربازی 66 کەس گیانیان لەدەستداوە کە پێکهاتوون لە 58 سەرباز، 6 کارمەندی هێزی ئاسمانی و 2 ئەفسەری پۆلیس.”

لە لایەکی دیکە، کارلۆس کلارۆس، بەرپرس لە حکومەتی کۆلۆمبیا ڕایگەیاند: “هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ گواستنەوەی سەربازە بریندارەکان، تاوەکو ئێستا چارەسەری 81 بریندارمان کردووە.”

جەنەڕاڵ کارلۆس فێرناندۆ سیلڤا، سەرۆکی هێزی ئاسمانی کۆڵۆمبیا پێشتر ڕایگەیاند بوو: ” 114 سەرباز لەناو فڕۆکەکەدا بوون، جگە لە 11 ئەندامی تیمی فڕۆکەوانی کە کۆی گشتییان دەگاتە 125 کەس. فڕۆکەکە لە جۆری ‘هێرکۆلیس C-130’ بووە و یەکێک بووە لە فڕۆکە گرنگەکانی گواستنەوەی سەربازی.”

ڕووداوەکە دوای ماوەیەکی کەم لە هەڵفڕینی فڕۆکەکە لە بنکە سەربازییەکەوە ڕوویداوە. لە ئێستادا دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ ئاشکراکردنی هۆکاری تەکنیکی یان مرۆیی لەپشت کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکە کردووەتەوە.