ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ئاشکرای دەکات، ئەمریکا هەزاران سەربازی دیکە ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات. ئاژانسەکە دەڵێت: نزیکەی دوو هەزار و 500 سەربازی دیکە دێنە ناوچەکە.
ئەمڕۆ شەممە 21ی ئاداری 2026 ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند: “ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ نیازی هەیە هەزاران سەربازی دیکەی هێزەکانی مارێنز و کەشتیی جەنگی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بنێرێت، ئەمەش وەکو ئامادەکارییەک بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە کەنارئاوەکانی ئێران و گەرووی هورمز.”
لە لایەکی دیکە، کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی وڵاتەکەیەوە ڕایگەیاند؛ “نزیکەی چوار هەزار و 500 دەریاوان و سەربازی هێزەکانی مارینزی ئەمریکا بە مەبەستی بەهێزکردنی پێگەی سەربازی واشنتن، بەرەو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێکەوتوون.”
ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە دوای ئەوە دێن لە 28ـی شوباتەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل زنجیرەیەک هێرشیان کردە سەر ئامانجەکان لە ناو خاکی ئێران، ئێرانیش بە هێرشکردنە سەر خاکی ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەڵامی دایەوە.