لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخی ناوچەکە، پرۆسەی ئازادکردنی سەتان دەستگیرکراو لە پارێزگای حەسەکە دەستیپێکرد.
ڕۆژی پینجشەممە 19ی ئاداری 2026 سیامەند عەفرینی، فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەسەکە ڕایگەیاند: “300 کەس ئازاد دەکرێن کە لە ڕووداوەکانی مانگی یەکی ئەمساڵدا دەستگیرکرابوون.”
سیامەند عەفرینی گوتیشی: “پێشتر حکومەتی دیمەشق وەک نیشاندانی نیازپاکی، دەیان کەسی ئازاد کردبوو کە لە کاتی گرژییەکانی گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە حەلەب دەستگیرکرابوون.”
سیامەند عەفرینی ئاماژەی بەوەش کرد، “ئەم دەسپێشخەرییە بەشێکە لە ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە دۆسیەی گیراوەکان و چەسپاندنی سەقامگیریی کۆمەڵایەتی.”
ئەم هەنگاوە وەک وەرچەرخانێکی ئەرێنی دەبینرێت بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوولا لە ڕۆژئاوای کوردستان.