بەهۆی جەنگی ئێران و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وێستگە نەوتی و گازییەکانی ئێران، سەرۆکی فەرەنسا داوا دەکات هیچ لایەنێک هێرش نەکاتە سەر کەرتی وزە و داوا دەکات گرژییەکان کەم بکرێنەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە 19ی ئاداری 2026 ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە نوێترین پەیامیدا ڕایگەیاند: “پێویستە هەموو لایەک کار بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخەکە بکەن. دەستبەجێ هێرشەکان ڕابگیرێت بۆ سەر دامەزراوە مەدەنییەکان، بەتایبەت کەرتی وزە و ئاو.”
ئیمانوێل ماکرۆن گوتیشی: “لە ڕۆژانی جەژندا شەڕ ڕابگیرێت بۆ ئەوەی دەرفەتێک بۆ چارەسەری گفتوگۆ بێتە کایەوە.”
ماوەی 21 ڕۆژە جەنگی ئێران بەردەوامی هەیە، دوای هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی وزەی تاران، لە بەرانبەردا سوپای پاسداران هێرشی کردە سەر وێستگەی وزەی قەتەر و بەم هۆیەشەوە کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.