هۆشەنگ سلێمان
لە سەردەمێکدا کە جەنگی زانیارییەکان و گوتارە میدیاییەکان چارەنووسی نەتەوەکان دیاری دەکەن، پرسیاری بنەڕەتی بۆ ئێمەی کورد ئەوەیە: چۆن دەتوانین چیرۆکەکانی خۆمان بۆ جیهان بگێڕینەوە؟ یان چۆن ببینە خاوەنی سەروەریی گوتاری خۆمان؟ لەم وتارەدا تیشک دەخەمە سەر چۆنیەتیی گۆڕینی میدیای کوردی لە ئامرازێکی ناوخۆییەوە بۆ هێزێکی کاریگەر لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا.
پێش هەموو شتێک، چەمکی “سەروەریی گوتار” بە شێوەیەکی گشتی بەو مانایە دێت کە نەتەوەیەک خۆی ببێتە خاوەن و گێڕەرەوەی چیرۆک و ڕاستییەکانی خۆی. واتە کاتێک جیهان سەیری کورد دەکات، بەو چاوە بمانبینێت کە خۆمان دەمانەوێت و پێشانمان داون، نەک بەو وێنەیەی کە نەیارانمان زۆرجار بۆمان دروست دەکەن. نەبوونی ئەم سەروەرییەش، وەک دەبینین، دەبێتە هۆی ئەوەی کە گێڕانەوەی نەیار زاڵ بێت و ڕاستییەکان زۆرجار چەواشە بکرێن.
مێژووی میدیای کوردی، مێژووی خەباتە بۆ بەدەستهێنانی سەروەریی گوتار. دەرچوونی ڕۆژنامەی “کوردستان” لە ساڵی ١٨٩٨ لە قاهیرە، یەکەم هەنگاوی بوێرانە بوو بۆ شکاندنی قۆرخکاریی گێڕانەوەی داگیرکەران. دواتریش، دامەزراندنی کەناڵی ئاسمانیی “مید-تیڤی” لە دەیەی نەوەدی سەدەی ڕابردوو، وەکو یەکەمین کەناڵی ئاسمانی کوردی، وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو لە میدیای کوردیدا. ئێستاش کارکردنی بەشێک لە میدیا کوردییەکان لە ئاستێکی نێودەوڵەتی و هەوڵدان بۆ گەیاندنی گوتاری نەتەوەی کورد بە جیهان، بەشێکە لەو تێکۆشانەی میدیای کوردی بۆ بەدەستهێنانی سەروەریی گوتار دەیکات.
ئەمڕۆ، لە سەردەمی هەواڵی ساختە و چەواشەکاریدا، گرنگیی میدیایەکی نێودەوڵەتی لە هەر کاتێکی تر زیاترە. نموونەی زیندوو، ئەو هەواڵە ساختانەیە کە لە سەروبەندی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا بڵاوکرایەوە، کە گوایە هێزە سەربازییە کوردییەکانی باشوور و ڕۆژهەڵات چوونەتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و “سنووری دەوڵەتی ئێرانیان بەزاندووە.” ئەم هەڵمەتە چەواشەکارییە، کە مەبەست لێی تێوەگلاندنی هەرێمی کوردستان بوو لە ململانێیەک کە لایەنگیر نەبوو تێیدا، مەترسییەکی ڕاستەقینەی بۆ سەر ئاسایشی هەرێم دروست کرد. وەڵامدانەوەی خێرای حکومەتی هەرێم بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو هەواڵانە، کارەساتێکی سیاسی و ئەمنیی ڕاگرت. ئەم ڕووداوە بە ڕوونی دەریخست کە نەبوونی میدیایەکی نێودەوڵەتیی بەهێز، چ بۆشاییەکی کوشندەی دروست کردووە.
بۆیە، پرسەکە تەنها وەرگێڕانی هەواڵەکانمان نییە بۆ زمانە بیانییەکان، بەڵکو بنیاتنانی “دامەزراوەی گێڕانەوەی ستراتیژی”یە. میدیایەک کە بتوانێت لە ناوەندەکانی بڕیاری جیهاندا، وەک واشنتۆن و برۆکسل، بە زمانی ئەوان و بە لۆژیکی خۆمان، گوتاری کوردی پێشکەش بکات. کاتێک توێژەرێکی بیانی لە ساڵی ٢٠٢٦دا، هێشتا ناچار بێت بۆ تێگەیشتن لە دۆزی کورد پشت بە سەرچاوە عەرەبی، تورکی و فارسییەکان ببەستێت، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ئێمە لە “لۆزانێکی دیجیتاڵیدا” دەژین؛ گەمارۆدراوین نەک بە سنووری جوگرافی، بەڵکو بە گوتاری نەیارەکانمان، کە چۆن بیانهەوێت، ئاوها باسمان دەکەن.
دروستکردنی ئەم هێزە میدیاییە، ئەرکێکی نەتەوەییە و لە ئەستۆی هەموواندایە، نەک تەنها حکومەت و پارتە سیاسییەکان. پێویستە کار بکرێت بۆ دروستکردنی دەزگای میدیایی نێودەوڵەتی مۆدێرن و نوێخواز، وە ڕۆژنامەنووسان پەروەردەبکرێن بۆ کاری نێودەوڵەتی کە توانای کێبڕکێیان هەبێت لە بازاڕی میدیای جیهانیدا.
کاتی ئەوە هاتووە کورد لە “بابەتی هەواڵ”ەوە ببێتە “خاوەن و داڕێژەری هەواڵ”. چونکە لە سەدەی بیست و یەکدا، ئەو نەتەوەیەی خاوەنی سەروەریی گوتاری خۆی نەبێت، خاوەنی داهاتووش نابێت. ئێمەی کورد گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتین کە خاوەن گوتاری نەتەوەیی نین.